رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت، بۆ قەدەخەکردنی تیکتۆک داوایان پێشکێش کردووە و چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمانن. ئەندامێکی لیژنەی راگەیاندنی پەرلەمانیش رەتیدەکاتەوە داواکاری لەوشێوەیەیان پێگەیشتبێت.
ئەمڕۆ شەممە، 5ـی نیسانی 2025، هەیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، "پێشتر داواکاری فەرمیمان بۆ قەدەخەکردنی تیکتۆک ناردووە، ئەمەش دوای ئەوەبوو کە هەزاران داواکاری خێزانە عێراقییەکانمان بۆ راگرتن و قەدەخەکردنی پلاتفۆرکەمە پێگەیشت، چونکە پلاتفۆرکەمە چەندین شتی تێدایە کە لەگەڵ خەڵک و خێزانەکانمان ناگونجێت."
وەزیری گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، "تەنیا ئێمە نین بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین، داوایەکمان پێشکێشکرد، بەڵام هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرت، هیوادارین پەرلەمانی عێراق بڕیارێک لەسەر ئەو بابەتە دەربکات و ئێمەش جێبەجێی بکەین".
هاوکات سەجاد سالم، ئەندامی لیژنەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ داواکارییەکی لەوشێوەیە بۆ پەرلەمان نەنێردراوە بۆ قەدەخەکردنی تیکتۆک."
سەجاد سالم گوتیشی، "بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆرمانە لەچوارچێوەی ئازادی تاکەکەسیدایە، بابەتەکە یاسایی نییە تاوەکو پەرلەمان بتوانێت بڕیار بدات."
تیکتۆک کە لە سەرانسەری جیهان زیاتر لە ملیارێک و 925 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، لە لایەن ژمارەیەک وڵاتەوە بە هۆکاری جیاجیا قەدەخەکراوە.
بە گوێرەی داتاکانی کۆمپانیای بایت دانسی چینی، کە خاوەنی تیکتۆکە، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئەپەکەیان لە عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵ گەیشتووەتە 31 ملیۆن و 950 هەزار کەس، کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە.
رۆژی 25ـی ئاداری ساڵی رابردوو، هیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند، داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی کردووە ئەپی تیکتۆک قەدەخە بکات، لەبەرئەوەی بە بڕوای خۆی، تیکتۆک بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی "ناشیاو" بەکاردەهێندرێت.
رۆژی 27ـی ئاداری پار، رەغدە عەزەب، گوتەبێژی تیکتۆک لە عێراق لە وەڵامی ئیمەیڵێکی رووداو سەبارەت بەو هەوڵەی عێراق بۆ قەدەخەکردنی پلاتفۆرمەکەیان گوتی، "نوێترین راپۆرتی چەسپاندنی یاسا و رێنوێنییەکانیان پێشانی دەدات کە ئێمە چالاکانە بابەتە پێشێلکارەکانمان لە عێراق سڕیوەتەوە."
رەغدە عەزەب گوتیشی، "تەنیا لە ئۆکتۆبەر تاوەکو دیسێمبەری 2023، ئێمە کۆی گشتیی 4 ملیۆن و 888 هەزار و 491 ڤیدیۆمان سڕیونەتەوە،" کە لە سەرانسەری جیهان بڵاوکراونەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ