پەرلەمانتارێکی تەقەدووم: رەنگە ژنێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر بکەین

12-03-2024
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی تەقەدووم رایدەگەیێنێت، پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق هەمواردەکەنەوە بۆ ئەوەی دەرفەت بە کەسانی دیکە بدرێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر بکەن. ئەگەری هەیە پارتەکەی حەلبووسی ژنێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر بکات. 
 
یەحیا عیساوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، رۆژی سێشەممە 12ـی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەمانەوێت پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق هەموار بکەینەوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بە کەسانی دیکە بدرێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر بکەن، کە رەنگە لەم هەفتەیە ئەو هەوڵە بدەین" 
 
هەر لەوبارەوە، هەیبەت حەلبووسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پارتی تەقەدووم رایگەیاند، "140 واژۆ کۆکراونەتەوە بۆ هەموارکردنەوەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، تاوەکو جارێکی دیکە دەرگای بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بکرێتەوە و بەربژێرەکانی ئێستا بگۆڕدرێن."
 
بەگوتەی هەیبەت حەلبووسی، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازە لە پەرلەمان، "زیاتر لە 90٪ـی پەرلەمانتاران پشتیوانی لە هەمواری پەیڕەوی نێوخۆ دەکەن."
 
سەبارەت بە دەستنیشانکردنی بەربژێرێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، هەیبەت حەلبووسی گوتی "تائێستا بەربژێری داهاتووی سەرۆکی پەرلەمانمان یەکلانەکردووتەوە، رەنگە ژنێک بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکەین."
 
لە 8ـی ئاداری 2024 هەریەک لە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتی سەروەری؛ موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و سابت عەباسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی نووسراوێکی هاوبەشیان ئاراستەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی "شیعەکان" کردووە، تێیدا سالم مەتەر عیساوییان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کردووە.
 
ئەو سێ سەرکردە سوننەیە بە پێویستی دەزانن، دیاریکردنی دانیشتنی پەرلەمان پەلەی تێدا بکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێیانوایە "پشتیوانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ بەربژێرەکەیان بەرکەوتەی دەستوورییان تەواو دەکات بۆ رەخساندنی پرۆسەی سیاسی بەشێوەیەک کە خزمەت بە عێراق و یەکێتی و سەروەرییەکەی بکات."
 
پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەرکەوتەی عەرەبی سوننەیە، پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی پێداگیرە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە، لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ ئەو مەبەستە، محەممەد حەلبووسی لە بەغدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە شیعەکان کرد و سەردانی هەولێر و سلێمانیشی کرد.
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەریەک لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتی سەروەری و موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بووە، بەڵام سێ پێشنیاز خراونەتەڕوو، یەکەم: بەپێی خاڵ ئەو پۆستە یەکلابکرێتەوە. دووەم: سوننەکان هەموویان کۆببنەوە و لەسەر بەربژێرێک رێبکەون. سێیەم: هەریەکەیان بە بەربژێری خۆ بچێتە کۆبوونەوەی پەرلەمان و لەوێ لە رێگەی هاوپەیمانەکانیان لەنێو پەرلەمان بە دەنگدان یەکلایی بکەنەوە.
 
دوای ئەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی لە تشرینی دووەمی 2023 محەممەد حەلبووسی لە ئەندامییەتی پەرلەمان دوورخستەوە، سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق 14ـی کانوونى دووەمی 2024، دانیشتنێکى تایبەتى بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت، پاش ئەوەى دەنگدان بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لەنێوان شەعلان کرەیم، بەربژێرى هاوپەیمانیى تەقەدووم، لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى سەروەرى.
 
رۆژی 28ی شوباتى 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، دانیشتنێکى لە بارەى ئەو سکاڵایە کرد، کە لەدژى خۆبەربژێرکردنى شەعلان کرەیم، بەربژێرى فراکسیۆنى تەقەدووم بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکرابوو. دادگەکە بە پاساوى ئەوەى لە تایبەتمەندیى دادگەکەدا نییە، سکاڵاکەى رەتکردەوە.  
 
سکاڵاکە دژی شەعلان کرەیم لەلایەن یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی و حوسێن موئەنیس، پەرلەمانتارانى شیعەوە تۆمارکرابوو، بە تۆمەتی ئەوەى شەعلان کرەیم یاساى لێپرسینەوە و دادوەرى دەیگرێتەوە، داواشیان کردبوو دادگەى فیدراڵى بڕیارێکى کاتى دەربکات بۆ راگرتنى کۆبوونەوەکانى پەرلەمان هەتاوەکو ئەوکاتەى سەرۆکێکى نوێ هەڵدەبژێردرێت.
 
بڕیارە لە 1ى نیسانى 2024، دادگەى فیدراڵى دانیشتنێکى دیکە بکات بۆ تاوتوێکردنى دوو سکاڵا، کە تایبەتن بە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان.
 
یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد جبوورى، ئەندامانى فراکسیۆنى تەقەدووم تۆمارکراوە لە دژى کۆبوونەوەى 13ـی کانوونى دووەمى 2024ـی پەرلەمان، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکی پەرلەمان و داوادەکەن سەرجەم ئەو بڕیارانەى لەو کۆبوونەوەیە دەرکراون، هەڵبوەشێندرێنەوە، کە یەکێک لە بڕیارەکان دواخستنى هەڵبژاردنەکە بوو، ئەگەرچى گەیشتنە گەڕى دووەم و کۆتایی. 
 
سکاڵاکەى دیکە لەلایەن یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی، حوسێن موئنیس تۆمارکرابوو، کە داوا لە دادگەى باڵاى فیدراڵى دەکەن ئەندامیێتیى شەعلان کرەیم لە پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە، بەوپێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە مەرجە یاسایی و دەستوورییەکانى ئەندامیێتى لەدەستداوە و داواش کراوە؛ دادگە بڕیارێکى کاتى دەربکات بۆ ئەوەى لە کارى پەرلەمانتاری رابگیرێت تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵاکە لە دادگەى فیدراڵى یەکلادەکرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.