رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم خەڵاتکردنی رووداو بە "دەستکەوتێکی نیشتمانی بۆ عێراق" ناودەبات.
بەبۆنەی بردنەوەی سێ خەڵاتی جیهانی، موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت، "بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتە جیهانییە ناودارەکانی ستیڤی، جوانترین پیرۆزبایی لە ئێوە و هەموو کارمەندانی دامەزراوەی رووداو دەکەم، بە راگەیاندنکار، تەکنیککار، ستافی کارگێڕی و هەموو کارمەندانی دیکەوە."
رۆژی هەینی، دامەزراوەی ستیڤیی ئەمریکی دوو خەڵاتی زێڕین و یەکێکی برۆنزی بە رووداو بەخشی.
لەوبارەیەوە سەرۆکی هاوپەیمانییە سوننییەکە دەڵێت، "ئەم دەستکەوتە ناوازەیە لەسەر ئاستی جیهان بە بڕوانامەیەکی پیشەیی بێوێنە دادەنرێت کە دامەزراوەکەتان بەدەستیهێناوە. هەورەها جەخت لە رۆڵی پێشڕەوایەتیی رووداو دەکاتەوە لە بواری بەرهەمهێنانی بابەتی راگەیاندنی بونیادنەر و ئاستبەرز."
تۆڕی میدیایی رووداو یەکەمین دامەزراوەی عێراقی و کوردستانییە کە لەلایەن ستیڤییەوە خەڵات کرابێت.
سامەڕایی دەڵێت، "بەم بۆنەیەوە دڵخۆشی و شانازیکردنمان بەم رێزلێنانە شایستەیە دەردەبڕین کە بە دەستکەوتێکی نیشتمانی بۆ عێراق هەژماردەکرێت"؛ دەشڵێت، "هیوای سەرکەوتن و درەوشانەوەی زیاتر لە ئەزموونی میدیاییتاندا بۆ دەخوازین کە بە داهێنکاری رازێنراوەتەوە."
ئەمڕۆ هەینی، لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، بە ئامادەبوونی سەدان بەشداربوو و کێبڕکێکار، دامەزراوەی ستیڤیی خەڵاتەکانی بە رووداو دا.
لە بەرامبەر سەرکەوتنی ریکۆردشکێنی پۆرتاڵ و پێگەکانی رووداو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵاتی زێڕین بە بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ درا.
دووەم خەڵاتی زێڕین بۆ بەڵگەفیلمی "ساڵێک شەڕ" بوو کە لەلایەن دڵنیا رەحمان، پەیامنێر و ئەحمەد عومەر، وێنەگری رووداو لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا بەرهەمهێندراوە.
پڕۆژەیەکی هاوبەشی رووداو و ئاژانسی دانیشتووانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) بۆ راهێنان و پێگەیاندنی دەیان خانمە رۆژنامەڤان، خەڵاتی بڕۆنزی پێ درا.
12 هەزار بەربژێر کە پێکدێن لە کار و بەرهەمی دامەزراوە هەرە درەوشاوە نێودەوڵەتییەکان، کێبڕکێیان لەسەر خەڵاتەکانی ستیڤی کرد.
سێ هەزار و 600 پسپۆڕی بوارە جیاجیاکانی سەرانسەری جیهان هەڵسەنگاندنیان بۆ کارەکان کرد.
خەڵاتی ستیڤی، خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی سەنگین و بەناوبانگە. پێشتر لەلایەن CNN و NBC و BLOOMBERG و جەزیرە وەرگیراوە.
پار تۆڕی میدیایی رووداو وەک "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان"، خەڵاتی ستیڤیی زێڕینی وەک "کۆمپانیای ساڵ"ـی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ