رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاساییش بڕیارنامەیەکی بۆ درێژکردنەوەی سزای سەر داعش و قاعیدە پەسند کرد.
چواردە ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە 'بەڵێ' دەنگیان لەسەر بڕیارنامەکە دا. رووسیا بە 'بەڵێ' و بە 'نەخێر'ـیش دەنگی نەدا.
بڕیارنامەکە ئەرکی تیمی چاودێریکردنی سزاکانی سەر قاعیدە و داعش، هەروەها نووسینگەی وەرگرتنی سکاڵاکان درێژدەکاتەوە کە ئەرکی هەردووکیان لەم مانگەدا کۆتایی دەهات.
لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "ئەمریکا سوپاسی ئەندامانی ئەنجوومەن دەکات لە بەرامبەر هاوئاهەنگییە بونیادنەرەکەیان لەسەر ئەم بڕیارنامەیە."
گرینفیڵد هەروەها باسی لەوە کرد؛ داعش "کۆیلایەتیی سێکسی لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی بەکارهێناوە" بۆ ئەوەی خەڵک هانبدات بچنە ریزەکانییەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کرد؛ دەستدرێژیی سێکسی، رفاندن، بەشوودانی زۆرەملێ و وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر ئازادکردنی خەڵک لەلایەن داعش لە عێراق و سووریا و رێکخراوە پەڕگیرەکانی دیکەی وەک شەباب و بۆکۆحەرام لە ئەفریقا، کە هەردووکی لەلایەن قاعیدەوە پشتیوانیی دەکرێن، دەچنە خانەی "تووندوتیژیی سێکسی"، کە "وەک رێگەیەک بۆ سزادان، هەراسانکردن، پاکتاوی نەتەوەیی، دەستخستنی پارە بۆ جموجۆڵەکانیان و کۆنترۆڵکردنی خاک" بەکاریاندێنن.
بەپێی سزاکان، سامانی ئەندامانی داعش، قاعیدە و هاوپەیمانەکانیان سڕدەکرێت، قەدەخەی گەشتکردن و گەمارۆی چەکیشیان دەخرێتەسەر.
رێکخراوی داعش لە حوزەیرانی ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا و کۆنترۆڵی کرد، لە 2017 کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش لە پارێزگاکە و ناوچەکانی دیکەی عێراق هێنرا. مەزەندە دەکرێت داعش لەو ماوەیەدا نزیکەی 20 هەزار کەسی کوشتبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ