رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) ئەمڕۆ ژمارەی ئەو حەواڵانەی ئاشکراکرد، کە لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنیی بانکی ناوەندیی عێراقەوە کردوونی.
بانکە حکومییەکە لە راگەیێندراوێکی ئەمڕۆ پێنجشەممەیدا ئاماژە بەوە دەکات، لەو کاتەوەی سەکۆی ئەلیکترۆنیی بانکی ناوەندیی عێراق خراوەتەکار، واتە لە تەممووزی ساڵی 2022ـەوەوە تائێستا، زیاتر لە چوار هەزار حەواڵەی "جۆراوجۆر"یان بۆ خەڵک و کۆمپانیاکان لەو رێگەیەوە کردووە.
لە رێگەی ئەو سەکۆیەوە، مامەڵە داراییەکان و گواستنەوەی دراو لە نێوان بانکی ناوەندی و بانکەکانی دیکە، کۆمپانیا و بازرگانەکاندا، بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەکرێن، کە ئامانج لێی پاراستنی شەفافیەت، خێراکردنی مامەڵەکان و رێگریکردنە لە بەقاچاخبردنی دراو.
بەردەستکردنی سەکۆیەکە دوای ئەوە هات، کە بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی دۆلاری ئەمریکی بۆ ئەو وڵاتانەی لە ژێر سزای ئەمریکادان، واشنتن لە ساڵی 2022 گواستنەوەی دۆلاری بۆ ژمارەیەک بانکی عێراقی وەستاند و لە ئەنجامدا بەهای دراوەکە لە بازاڕی نافەرمیدا بەرامبەر دیناری عێراقی بۆ ئاستێکی مێژوویی بەرزبووەوە.
TBI لە راگەیێندراوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا ئاماژە بەوە دەکات، 250 لەو حەواڵانەی لە بانکەکەوە کراون، "بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بووە و لە بوارەکانی بازرگانی، پیشەسازی و تەنانەت پەروەردەییشدا بوون".
ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، لە بازاڕی رەشدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و بەهای 100 دۆلار، 155 هەزار دیناری تێپەڕاند، کە ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ شڵەژانی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی و زیادبوونی مەترسیی پێکدادانی ئێران و ئیسرائیل.
بەهای یەک دۆلار لە بانکی ناوەندی بە 1320 دینار جێگیرکراوە. لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا، لە بازاڕەکاندا لە هەولێر یەک دۆلار بە 1539 و لە بەغدا بە 1535 دینار ئاڵۆگۆڕی پێدەکرا.
رۆژی چوارشەممە، TBI رایگەیاندبوو، "زنجیرەیەک رێکار"ی گرتووەتەبەر "بۆ سەقامگیرکردن و رێگریکردن لە یاریکردن بە بەهای دۆلار لە بازاڕ، لەوانەش زیادکردنی کاژێرەکانی کارکردن لە لقەکانی بانکەکە کە کاریگەریی لەسەر خێراکردنی مامەڵەی بازرگانانان و ئاسانکردنی گواستنەوەی دراو و کۆتاییهێنان بە قەرەباڵخی هەبووە".
هەروەها راشیگەیاندبوو کە ژمارەیەک رێکاری دیکە پەیڕەو دەکات بۆ "کۆنترۆڵکردنی بەهای دۆلار و رێگریکردن" لە دۆلارفرۆشانی بازاڕە نافەرمییەکان تاوەکو یاری بە بەهاکەیەوە نەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ