رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دوو گومانلێکراوی داعشیان رادەستی عێراق کردەوە، کە تۆمەتبارن بەوەی دەستیان لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 2014ی سەربازگەی سپایکەردا هەبووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە فەرمانگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، سێ ئەندامی داعشی لە دەرەوەی عێراق گەڕاندوونەتەوە بەبێ ئەوەی وردەکاری لەبارەیانەوە بدات.
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە رایگەیاند، دوو چەکداری داعشیان رادەستی عێراق کردووەتەوە، بەڵام دیار نییە هێزەکانی عێراق گومانلێکراوی سێیەمیان لە کوێوە گەڕاندووەتەوە.
12ی حوزەیرانی 2014، دوای کۆنترۆڵکردنی تکریت، داعش نزیکەی هەزار و 700 سەربازی عێراقی دەستگیرکردن کە لە سەربازگەی سپایکەر هەڵاتبوون. دوای ماوەیەکی کەم، گرووپە پەڕگیرەکە ڤیدیۆی کوشتنیانی بڵاوکردەوە.
کۆمەڵکوژییەکە توڕەیی سەرانسەری عێراق لێکەوتەوە و رۆڵی هەبوو لە پێکهێنانی حەشدی شەعبی بۆ شەڕکردن لە دژی داعش.
بە تۆمەتی تێوەگلان لە کۆمەڵکوژییەکە، عێراق لە ساڵانی دواتردا ژمارەیەک ئەندامی داعشی دادگاییکرد و دواتر لەسێدارەیدان.
چالاکڤانە خۆجێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو دوو چەکدارەی کە تازە رادەستی عێراق کراونەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەم دوایەی هاوبەشی هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شاری رەققە دەستگیرکرابوون، ئەو شارەی کە پایتەختی خەلافەتە رووخێنراوەکەی داعش بوو.
وێڕای بەزاندنیان لە ساڵی 2017 لە عێراق و ساڵی 2019 لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هێشتا گرووپە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوەکە چەندین شانەی نووستووی لە ناوچەکە هەیە و بە درێژایی ساڵانی رابردوو، بەردەوامبوون لە هێرشی ناوبەناوی خوێناوی بۆ سەر هەسەدە و سوپای سووریا.
هەسەدە کە سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشی لە زیاتر لە 20 زینداندا بەندکردووە. دوو هەزار لەوانە، چەکداری بیانین و وڵاتەکانیان ئامادە نین وەریانبگرنەوە.
هەسەدە دەڵێت، چەکدارەکان لە نزیکەی 60 وڵاتەوە چووبوونە نێو سووریا و رۆژئاوای کوردستان و لە کاتی جەنگەکەدا دەستگیریان کردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ