رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 6 هەزار و 500 پەنابەری لوبنانی لە رێگەی دەروازەی قائیم و فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف گەیشتوونەتە عێراق.
ئاژانسەکە لە وەڵامی ئیمەیڵێکی بانو عەبدولڕەحمان لە بەشی گێست بوکینگی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنیان بە دەروازە و فڕۆکەخانەکان، حکومەتی عێراق ڤیزەی بێ بەرامبەر بە پەنابەرانی لوبنانی دەدات.
بە گوتەی UNHCR، ئەو لوبنانیانەشی کە پێشتر لە عێراق بوون، ڤیزەکەیان بۆ ماوەی 30 رۆژ درێژدەکرێتەوە. دەشڵێت: "لەم قۆناخەدا، سەرنجی UNHCR لەسەر کۆکردنەوەی زانیارییە لە بارەی ئەو کەسانەی کە تازە گەیشتوون."
دۆخی باشووری لوبنان لە مانگی رابردووەوە ناسەقامگیریی گەورەی بەخۆیەوە بینی و تاوەکو دێت بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، خراپتر دەبێت.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە باشووری لوبنان دەربەدەربوون.
UNHCR دەڵێت: "بە گوێرەی زانییارییەکانی UNHCR، زۆربەی ئەوانەی لە لوبنانەوە گەیشتوونەتە عێراق، لە نەجەف و کەربەلا حەوێنراونەتەوە. هەروەها دەگوترێت هەندێ لوبنانی گەیشتوونەتە نەینەوا، بەسرە، سەماوە و سەلاحەدین."
زۆربەی ئەو پەنابەرانە، بە گوتەی UNHCR، لەو هۆتێل و شوێنانەی نیشتەجێبوونن کە پارێزگەکان تەرخانیان کردوون، یان لە مەزارگەکانی نەجەف و کەربەلان، "بەشێکیشیان لای خێزان و هاوڕێیانیان دەمێننەوە."
لە بارەی ئەو پەنابەرانەشی کە خوێندکارن، ئاژانسەکە دەڵێت: "حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە سیستمە نیشتمانییەکان، لە نێویاندا پەروەردە، ئەو کەسانە بگرێتەوە کە لە لوبنانەوە دێن."
ئاژانسەکە لە نزیکەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ تۆڕی فراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، هاوبەشەکانیان، Legal Clinics Network و رێکخراوی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی (IRC) دەکات، کە لە دەروازەی سنووری قائیم و ئەو شوێنانەن کە لوبنانییە هاتووەکان لە نێو عێراق لێی دەمێننەوە.
UNHCR هەروەها دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ وەزارەتە جیاجیاکانی حکومەت و دامودەزگە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیداین بۆ پشتیوانی لەوانەی کە تازە لە لوبنانەوە دەگەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ