عێراق هەوڵدەدات رێگەچارەیەک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بدۆزێتەوە

07-05-2023
ئەنمار غازی
سێیەمین کۆنفرانسی ئاو لە بەغدا
سێیەمین کۆنفرانسی ئاو لە بەغدا
نیشانەکردن ئاو رۆژئاوای کوردستان [
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ژینگەیی عێراق، شارەزایان و بەرپرسانی وڵاتانی دراوسێ لە بەغدای پایتەختی عێراقن بۆ گەنگەشەکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە ئاو لە کۆنفرانسێکدا، لەپێناو دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاو.
 
ئەمە سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاوە کە لە بەغدا سازدەکرێت، کۆنفرانسی ئەمساڵ لەژێر درووشمی "کەمیی ئاو، هۆڕەکانی میزۆپۆتامیا و ژینگەی کەنداوی عەرەب، بەرپرسیاریێتی هەمووان"ـە، کە تێیدا هۆکارەکانی کەمئاوی، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و رێگەکانی رووبەڕووبوونەوەی تاوتوێ کران.
 
خالد شەمالی، گوتەبێژی وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی عێراق دەڵێ "پێموایە راسپاردەکان (ـی کۆنفرانسەکە) لە چوارچێوەی سێ چەمکی بنەڕەتیدا دەبن، چەمکی بەڕێوەبردنی تەواوەتی سەرچاوەکانی ئاوی دیجلە و فورات و پێشخستنی چەمکی دابەشکردنی زیانەکان وەک چۆن سوودەکان دابەشدەکرێن، شتێکی دیکەش ئاسایشی ئاوە، ئاوی عێراق گرنگترین پایەی ئاسایشی نیشتمانییە بۆ عێراق. ئاسایشی ئاو بۆ 40 ملیۆن عێراقی گرنگە".
 
مەترسیی وشکەساڵی و بەبیابانبوون؛ عێراق و ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەو پێیەی دابەزینی ئاستی ئاو مەترسیێکی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بەگشتی دروستدەکات. عێراق لە رێگەی ئەم کۆنفرانسەوە هەوڵدەدات رێگەچارە بدۆزێتەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، قەتیسبوونی گەرما و پاراستنی ژینگەی هۆرەکان، لەپێناو پارێزگاریکردن لە سیستمی ژینگەیی.
 
جاسم فەلاحی، یاریدەدەری وەزیری ژینگە لە هۆڵی کۆنفرانسەکەوە لە بەغدا، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "گفتوگۆی دیپلۆماسیی ئارام، دانوستاندن و تیشکخستنەسەر پێویستیی بەپەلەی هاوکاری لەسەر بنەمای بەرژەوەندی، مێژوو و دراوسێیەتی، پێموایە باشترین رێگەن بۆ بەدەستهێنانی بەشە ئاوی دادپەروەرانە، پێویستە جەخت بکرێتەوە کە دۆسیەی ئاو پەیوەستە بە مافی مرۆڤ بۆ ژیان".
 
دیدگەکانی کۆنفرانسە دوو رۆژییەکە بریتی دەبن لە داڕشتنی سیاسەتێک بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو کە لەگەڵ ئاستەنگەکانی کەمئاوی بگونجێت، بۆ ئەوەی ئاوی سەلامەت بۆ کۆمەڵگەکان و پێداویستییەکانی بەردەوامبوونی چالاکیی ئابووریی دەستەبەربکرێن.
 
لە کۆتاییدا، ئەنجامی ئەم کۆنفرانسە پێویستە بگۆڕدرێت بۆ کردار، بەو پێیەی بڕی ئاوی عێراق بۆ ئاستێکی خراپ دابەزیوە، بارودۆخی وڵاتەکەش کەوتووەتە مەترسییەوە، بەتایبەتی کە خۆری گەرمی هاوین، تیرەکانی خۆی بە بێ وەستان دەنێرێت.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە