رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی دەڵێت: ئەگەر ئەم شەڕەی سووریا بۆیان بچێتەسەر، ئەوا عێراق، ئوردن، لوبنان، تەنانەت ئێران و تەواوی ناوچەکەش لێی سەلامەت نابن، بۆیە لەگەڵ سووریا دەوەستینەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی شێخانی هۆزەکانی نەجەف، لەبارەی دۆخی هەنووکەیی سووریاوە گوتی، "ئەگەر ئەم شەڕەی سووریا بۆیان بچێتەسەر، ئەوا عێراق، ئوردن، لوبنان، تەنانەت ئێران و تەواوی ناوچەکەش لێی سەلامەت نابن، ئێمە بێلایەن نین وەک چۆن لە پێشوودا پارێزگاریمان نیشتمانەکەمان کردووە بۆ ئەوەی نەبێتە نێچیرێک بۆ تاوانباران، هەرواش پارێزگاری لە سەرجەم وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکەین."
مالیکی گوتیشی: "ئەمە شەڕێکی راستەقینەیە لەنێوان ئێمە و جیهان، کە ئەم جەنگە باوباپیرانمان لەپێشوودا کردوویانە و ئێمەش دەیکەین، وەک چۆن لە ساڵەکانی 2011 تا 2014 کردمان و لە 2011 و 2012 لەگەڵ سووریا وەستاینەوە؛ ئێستاش هەروا دەوەستینەوە و بەردەوام دەبین."
سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمە تەنیا دۆسیەی سەرۆککۆمار یان سووریا نییە، بەڵکو سەرەتاکەی لە سووریایە و دواتر بۆ هەموو وڵاتەکانی ناوچەکە دەگوازرێتەوە، چونکە ئەوان وایدەبینن ئەم وڵاتانەی ناوچەکە بەرەی کێبڕکێکاری نێودەوڵەتیین."
قسەکانی نووری مالیکی لەکاتێکدایە، رۆژی 25ـی مانگی رابردوو؛ دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دەستپێکرد و لە 27ی مانگ حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ