رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی لە عێراق هەڵمەتێکی بۆ راوەدوونانی "بازرگانانی هۆشبەرەکان و فرۆشتنی ئافرەتان" و داخستنی هۆڵەکانی "قومار" لە بەغدا دەستپێکرد و رایگەیاند: لەم هەڵمەتەدا سەرۆکی گەورەترین مافیامان دەستگیرکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "ئەم هەڵمەتە بووە هۆی دەستگیرکردنی ناوبراو حەجی حەمزە شەمەری، سەرۆکی گەورەترین مافیا لە عێراق و هەموو شوێنەکانی قومار و لەشفرۆشی و بازرگانی هۆشبەرەکانی کۆنترۆڵکردووە".
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی ئاشکراشی کرد: "25 کەس لە بەرپرسان و کەسانی سەر بە شەمەری دەستگیرکران کە بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد سەر بە حەشدی شەعبین و ناسنامەی ساختەیان هەبوو و چەند گەنجێکی عێراقییان دووچاری بەکارهێنانی هۆشبەرەکان و هۆڵەکانی قومار کردووە بۆ بەدەستهێنانی ملیۆنەها دۆلار رۆژانە".
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە هەڵمەتەکەدا بەپێی فەرمانی دادوەریی ژمارەیەکی زۆر ئامێری قومار و ماددەی هۆشبەر و چەند کەرەستەیەک دەستیان بەسەردا گیرا و دوای پرۆسەکە دەستگیرکراوەکان و ماددە دەستبەسەرکراوەکان رادەستی ئاسایشی نیشتمانی کران بۆ لێکۆڵینەوە و رەوانەکردنیان بۆ دادگا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ