ئەو کوردە فەیلیانەی بە بیانی نووسرابوون، لە سەرژمێریدا بە عێراقی تۆمارکران

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار ئەو کوردە فەیلییانەى ناویان لە تۆمارى بیانییەکانى عێراق دەرهێندراوە، لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دا وەک هاووڵاتیی عێراق تۆمارکراون.
 
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ژمارەیەکى دیاریکراو نییە لەبارەى ئەو کوردە فەیلییانەى مامەڵەکانیان تەواو بووە و لەسەرژمێریدا وەک هاووڵاتیی عێراق تۆمار کراون، بەوپێیەى لە هەر پارێزگایەک بەجیا مامەڵەیان بەڕێدەکرێت و پڕۆسەکەش بەردەوامە." 
 
ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 28ـی ئادارى 2022، بڕیاری دا راسپاردەیەکى 9 خاڵى سەر بە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران لەبارەى یەکلاکردنەوەى کێشەى بەڵگەنامەى فەرمیی کوردانی فەیلی، پەسند بکات. 
 
ژمارەیەک کوردى فەیلی لەنێو بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەزارەتى نێوخۆى عێراق، لە تۆمارى بیانییەکاندان و بەڵگەنامەى فەرمیی عێراقیان بۆ دەرنەکرابوو. 
 
تۆمارکردنى کوردانى فەیلی وەکو بیانى، بە بڕیارێکى دەسەڵاتى پێشووى عێراق بوو، بۆ چارەسەرکردنى ئەو دۆخەش ساڵى 2022 شاندێکى وەزارەتى ناوخۆ و کۆچ و کۆچبەران سەردانى کۆمارى ئیسلامیی ئێرانیان کرد تاوەکو ناوى ئەو کوردە فەیلییانە تۆمار بکەن، کە بەڵگەنامەى فەرمیی عێراقیان نییە.
 
رۆژانى 20 و 21ـی تشرینى دووەمی 2024، سەرژمێریی گشتیى دانیشتووان لە عێراق هەرێمى کوردستان کرا، بەگوێرەى ئەنجامى بەرایی ژمارەى دانیشتووانی عێراق بە بیانی و پەنابەرەوە، زیاتر لە 45 ملیۆن کەسە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە