دادگا بۆ خەمیس خەنجەر: لە ماوەی سێ رۆژدا لە بەردەم دادوەر ئامادە بە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەیەکی عێراقی، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی سەروەریی "سیادە" ئاگادار دەکاتەوە، کە لە ماوەی سێ رۆژدا لە دادگە ئامادەبێت.
 
رۆژی دووشەممە 25-11-2024، دادگەی لێکۆڵینەوەی سێیەمی کەرخ، بە نووسراوی فەرمی، خەمیس فەرحان عەلی خەنجەری ئاگادارکردووەتەوە، کە لە ماوەی سێ رۆژدا لە رێککەوتنی دەرچوونی ئەو ئاگادارکردنەوەیە لە دادگا ئامادەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی سکاڵایەک.
 
سکاڵاکە لەلایەن نوێنەری یاسایی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری لە دژی تۆمارکراوە، بەگوێرەی نووسراوەکە، جگە لە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ بەعس، خەمیس خەنجەر "بێڕێزی" بە دامودەزگاکانی دەوڵەت کردووە. ئەوەش بەگوێرەی مادەی 226ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو.
 
مادەی 226 ئاماژە بەوە دەکات، سزای حەوت ساڵ زیندانی، یاخود پێبژاردنی دارایی بۆ هەر کەسێکە، کە بە ئاشکرا سووکایەتی بە پەرلەمان، حکومەت، دادگا، هێزە چەکدارەکان، هەر دەستەیەکی دیکەی حکومیی، دەسەڵاتی گشتی، بەرژوەندییەکان، دامەزراوە فەرمی و نیمچە فەرمیەکان بکات. 
 
خەمیس خەنجەر، 59 ساڵ، یەکێکە لە کارەکتەرە سیاسییەکانى عەرەبی سوننە. ساڵى 2013 بۆ یەکەم جار لە رێگەى هاوپەیمانىی کەرامەوە بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کرد.
 
خەنجەر دەستى لە پۆستى سەرۆکى پارتى سەروەرى "سیادە" کشاندووەتەوە. بەگوێرەى نووسراوێک کە عەلى سەیفەدین، ئەمیندارى گشتیى پارتى سەروەرى رۆژی یەکشەممە 27ى تشرینى یەکەمی 2024 ئاراستەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقى کرد، ئاماژەى بە دەستلەکارکێشانەوەى خەمیس خەنجەر کرد لە پۆستى سەرۆکى پارتەکە.
 
دەستلەکارکێشانەوەکە "هەنگاوێکى خۆپارێزى" بووە بۆ بەدوورگرتنى پارتەکە لە رێوشوێنەکانى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى، بە فەرمى کۆمیسیۆن ئەمیندارى گشتیى پارتى سەروەرى "سیادە" وەک سەرۆکى پارتەکە ناساندووە.
  
ئەمیندارى گشتیى پارتى سەروەرى داواى کردووە لایەنە پەیوەندارەکان بە دەستەى لێپرسینەوە و داوەرییشەوە لەو دەستلەکارکێشانەوەیە ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەى دەرفەت بدرێتە دەستەکە وردبینی لە دۆسیەکەیدا بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە