عێراق و بەریتانیا یاداشتی هاوکاریی ئەمنیی هاوبەش واژۆ دەکەن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی ناوخۆی عێراق و بەریتانیا یاداشتی هاوکاریی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 26-11-2024 عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق و ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی فراوانیان کرد، تێیدا واژۆیان لەسەر یاداشتی هاوکاریی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات بۆ پەرەپێدانی هەوڵی هاوبەش لە چەندین بواردا کرد.
 
کووپەر پێنج مانگە بووەتە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و یەکەم جارە سەردانی عێراق دەکات.
 
دوای کۆبوونەوەی نێوانیان، هەردوو وەزیر کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان کرد. عەبدولئەمیر شەمەری گوتی، گفتوگۆیان کردووە لەبارەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان، مەشق و راهێنان، هاوکاری لە بوارەکانی تاوانی رێکخراو، بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، هاوکاریی ئاسایش و هەواڵگری بۆ "بەدواداچوونی تیرۆریستان و داواکراوانی هەردوو وڵات."
 
وەزیری ناوخۆی عێراق راشیگەیاند، "دوو یاداشتی لێکتێگەیشتنی گرنگمان واژۆ کرد. یەکەم تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو و ئاسایشی سنوور. دووەم، رێککەوتنی راگەیاندنی نیازچاکی. ئەو دوو رێککەوتنە هاوکاری، هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر دەکات."
 
لای خۆیەوە کووپەر باسی لەوە کرد، واژۆکردنی دوو یاداشتە لێکتێگەیشتنەکە گرنگە، "رێککەوتووین لەسەر هاوکاریی هاوبەش، ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگری، بەرەنگاربوونەوەی تاوانە مەترسیدارە رێکخراوەکان وەکو بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و مرۆڤ، بەهێزکردنی ئاسایشی سنوور، هاوکاری و بەرەنگاربوونەوەی باندە تاوانکارەکان، کە هەڕەشە لە ئاسایشی هەردوو وڵات دەکەن و ژیانی هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە."
 
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە، لە رێگەی ئەو هاوبەشییەوە ئاسایشی هەردوو وڵات و هاووڵاتییان دەپارێزن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە