رووداو دیجیتاڵ
قاسم ئەعرەجی رەتیدەکاتەوە، ئیسرائیل لە رێگەی ئازەربایجانەوە پەیامی بۆ عێراق ناردبێت بۆ راگرتنی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە بۆ سەر ئەو وڵاتە.
رۆژی دووشەممە، 25-11-2024، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە، لە هەندێک شوێن بڵاوبووەتەوە، کە باڵیۆزی ئازەربایجان لە بەغدا پەیامەکانی لە قەوارەی زایۆنی داگیرکەرەوە بە لایەنی عێراقی گەیاندبێت".
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق داوا لە هۆکارەکانی راگەیاندن دەکات، وردبن لە گواستنەوەی هەواڵەکان و پشت بە سەرچاوەی فەرمی ببەستن.
رۆژی دووشەممە 24ى تشرینى دووەم ئەنجوومەنى کۆمکارى عەرەبی لەسەر داواى عێراق و لەسەر ئاستى نوێنەرانى وڵاتانى ئەندام لەبارەى دۆخى ناوچەکە کۆبووەوە.
ئەنجوومەنەکە سەرکۆنەى هەوڵى ئیسرائیلی کرد بۆ فراوانکردنى "هەڵسوکەوتى دوژمنکارانە"ی لە ناوچەکە لەوانە بەرامبەر عێراق، کە لە رێگەى نامەیەکى وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیلەوە ئاڕاستەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەڵەتى کردووە.
بەشدارانى کۆبوونەوەکە بڕیاریانداوە داوا لە جەزائیر بکەن کە ئێستا ئەندامێکى ناهەمیشەیی ئەنجوومەنى ئاسایشە کە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ عێراق بەدواداچوون بۆ ئەو سکاڵایە بکات بەغدا دژى ئیسرائیل لە ئەنجوومەنى ئاسایش تۆماری کردووە و داواش لە ئەمیندارى گشتى کۆمکارى عەرەبی دەکرێت نامە بۆ سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکى ئەنجوومەنى ئاسایش بنێرێت بۆ پاڵپشتیکردن لەو هەنگاوەى عێراق.
18ى تشرینى دووەمی 2024، گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە نامەیەکدا داواى لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کۆتایی بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بهێنێت.
19ى تشرینى دووەم محەممەد شیاع سوودانى وەک فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دا رێگرى لە هەر چالاکییەکى سەربازى لە دەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەت و چاودێرى هەموو چالاکییەکى ئاسمانیى "دوژمنکارانە" بکرێت.
حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەنگاوی نێوخۆیی و دەرەکییان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گرتووەتە بەر، داواکارییەکانی عێراق بەو ئاراستەیە بوونە کە حکومەتی عێراق جەنگی ناوێت و بەشێک نین لەو جەنگەی دروستبووە.
هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ئیسرائیل، گرووپە چەکدارەکان دەڵێن بۆ پشتیوانیکردنە لە فەلەستین و لوبنان.
لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا لانیکەم گرووپە چەکدارەکان کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن 65 هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ