نەینەوا نەخشەى رێگەى گەشەپێدانى پەسند کرد و شاندێکی بۆ تورکیا نارد

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا، نەخشەى تێپەڕینى رێگەى گەشەپێدان بەو پارێزگایە پەسند دەکات، شاندێکیش بە سەرۆکایەتیى پارێزگار بۆ تاوتوێکردنى پڕۆژەکە لە تورکیایە.
 
ئەو نەخشەیە لە کۆبوونەوەی 24ـی تشرینى دووەمی 2024ـی ئەنجوومەنى پارێزگا، پەسندکراوە.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەن، نەخشەکە لەسەر کاخەز بە داتاشۆ نیشاندرا و وردەکارییەکەى روونکرایەوە، بەرلەوەى دەنگى لەسەر بدرێت."
 
رێگەى گەشەپێدان، 1200 کیلۆمەتر دەبێت و لە هێڵی ئاسنین و رێگەی وشکانى پێکدێت بۆ گواستنەوەى گەشتیار و کاڵاى بازرگانى. رێگەی گەشەپێدان بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمى کوردستان تێپەڕدەبێت.
 
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى تۆڕى میدیایی رووداو لەسەر نەخشەکە لە سنوورى  پارێزگارى نەینەواوە دەستى کەوتوون، هێڵى شەمەندەفەرى پڕۆژەکە، لە دواى دەرچوون لە پارێزگاى نەینەوا بە ناحیەى حەمام عەلیل  تێپەڕدەبێت بۆ بەشى راستى موسڵ و چەند ناوچەیەکى دیکەش دەبڕێت لەوانە بەوابەتشام، دواتر بەرەو رۆژئاواى نەینەوا دەڕوات و بە قەزاى تەلەعفەر دا تێدەپەڕێت تاوەکو دەگاتە ناحیەى رەبیعە لەسەر سنوورى سووریا، لەوێوە جارێکى دیکە بەرەو باکوورى رۆژهەڵات دەگەڕێتەوە تاوەکو لە رێگەى پێشخابوور دەچێتە سنوورى تورکیاوە. 
 
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، شاندێک بەسەرۆکایەتیی عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا سەردانى تورکیای کردووە و ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنى  پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان."  
 
تێچووی پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان 17 ملیار دۆلارە، قۆناخی یەکەمی ساڵی 2028 تەواو دەبێت، دوایین قۆناخیشی لەساڵی 2050. رێگەی گەشەپێدان لە بەندەرى فاوى بەسرەوە دەستپێدەکات و دەچێتە سنوورى تورکیاوە. 
 
ئەحمەد جبوورى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "کۆبوونەوەى شاندەکەى نەینەوا لە تورکیا بۆ تاوتوێکردنى شێوازى بەشداریکردنى پارێزگاکەیە لەو پڕۆژەیەدا." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە