پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە

دوێنێ کاژێر 12:46
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن بکات. بەڵام پەرلەمانتارێک بە دووری دەزانێت رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواوبێت. 
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 05-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پەرلەمان لە پشووە، زۆربەی پەرلەمانتاران لە پارێزگاکانیانن، یان لە دەرەوەی وڵاتن، بۆیە ئەستەمە رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواوبێت.
 
سبەی دووشەممە 6ـی ئەم مانگە، تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو دەبێت. 
 
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق گوتی، کۆمیسیۆن لەکارەکانی بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوەی هەیە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانە، دەکرێت دوای تەواوبوونی پشوو، پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و بڕیاری پێویست و گونجاو بدات. 
 
سەبارەت بە دانانی ئەنجوومەنێکی نوێی کۆمیسیاران، موسەننا ئەمین، کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە لە پەرلەمان گوتی، ئەمە دەکەوێتە سەر گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 02-01-2025، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، داوا دەکەین رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، رێککەوتی 5ـی کانوونی دووەم؛ دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بکرێت."
 
مەحموود مەشهەدانی، کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆی بۆ دانیشتنەکە دیاریکردووە.
 
وەک یەکەم کاردانەوەش عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، لە کاتی بەشداریکردنی لە دیدارێک لە پارێزگای نەجەف رایگەیاند، "هەوڵ هەیە کە تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان درێژبکرێتەوە، ئەو کۆمیسیۆنە لە دوایین هەڵبژاردندا ئەدایەکی باشیان هەبوو."
 
عەممار حەکیم دەشڵێت: "پێموایە دۆخەکە بەو جۆرەیە کە لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا کۆدەنگیی لایەنەکان دەبێت و تەمەنی کۆمیسیۆن درێژدەکرێتەوە."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بکرێت.
 
رۆژی 22ـی ئایاری 2024، پەرلەمانی عێراق درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی تاوەکو 06-01-2025، پەسند کرد، ئەوەش بەمەبەستی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. 
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش پێویستە جارێکی دیکە تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان درێژ بکرێتەوە یان کۆمیسیۆنێکی نوێ هەڵبژێردرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە