رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق رەتیکردەوە هیچ گرێبەستێکیان لەگەڵ سووریا هەبێت بۆ ئەوەى نەوتى خاوى بۆ هەناردە بکەن و دەڵێت، "شتێک نییە بەناوى راگرتنى هەناردەى نەوت بۆ ئەو وڵاتە."
ئەو روونکردنەوەیەى وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـى کانوونى دووەمى 2025 بڵاویکردەوە.
وەزارەتى نەوت دەڵێت، هەندێک لە کەناڵەکانى راگەیاندن زانیارییان لەبارەى راگرتنى هەناردەى نەوتى خاوی عێراق بۆ سووریا بڵاوکردووەتەوە، بەڵام کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) جەخت لەوە دەکاتەوە، هیچ گرێبەستێک لەگەڵ سووریا نییە بۆ ئەوەى نەوتى خاویان بۆ هەناردە بکرێت، بۆیە شتێک نییە بەناوى راگرتنى هەناردەى نەوت بۆ ئەو وڵاتە.
ئەو روونکردنەوەیەی وەزارەتى نەوت لەدواى ئەوە بوو کە هەندێک لە میدیا بیانى و خۆجێییەکان بڵاویانکردەوە، عێراق هەناردەى نەوتى خاو بۆ سووریا بە میکانیزمێکى نوێ دەستپێدەکاتەوە، لەدواى ئەوەى بەهۆى گۆڕانکارییەکانى دۆخى سووریا هەناردەکردنەکەى راگرتبوو.
8ـی کانوونى دووەم، دواى ئەوەى گرووپە چەکدارەکانى سەر بە دەستەى تەحریرى شام چوونە دیمەشقى پایتەختەوە، دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا و ئەو دەستەیە حکومەتێکى بۆ قۆناخى راگوزەر پێکهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ