رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، بکوژانی عەلی تاوە، یاریزانی بۆکسێنی عێراق دۆزراونەتەوە و دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڤیدیۆیەکدا بە سوودوەرگرتن لە دیمەنەکانی کامێراکانی چاودێری، وردەکاریی کوشتنی یاریزانەکەی دانیشتووی گەڕەکی ئەعزەمییەی خستوەتەڕوو کە 20ی ئایاری ئەم ساڵ، دوای دەمەقاڵێ، لەلایەن "کۆمەڵێک بەکاربەری مادەی هۆشبەرەوە" تەقەی لێکرا و بە دوو گوللـە کۆتایی بە ژیانی هێندرا.
دەزگا ئەمنییەکە دەڵێت، "دوای چەند رۆژێک لە لێکۆڵینەوە"، ناسنامەی تاوانکاران ئاشکرا کرا و دەستگیرکران، "ئێستا لێپێچینەوەی دادپەروەرانەیان لەگەڵ دەکرێت."
لە ڤیدیۆیەکەدا دەستگیرکردن، قۆڵبەستکردن و لێپێچینەوەی ژمارەیەک کەس دەردەکەوێت.
وەک لە سەرەتای ڤیدیۆکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانیشدا دەردەکەوێت، رۆژێک دوای کوژرانی کوڕەکەی، دایکی عەلی بە رووداوی گوت، "من دایکم، ئەوم بە بێ باوک گەورەکرد. بێ بۆنی ئەو، خەوم لێ ناکەوێت. جەرگم بۆی دەسووتێت. بە فرمێسکی چاوەکانم بەخێوکرد. بۆچی وای لێ دەکەن؟ هیچم ناوێت جگە لەوەی بزانم بۆچی کوژرا."
عەلی تاوە لە بیستەکانی تەمەنیدا بوو و تازە زانکۆی تەواو کردبوو.
دەزگا ئەمنییە فیدراڵییەکە روونی نەکردووەتەوە ئەوانەی دەستگیرکراون چەند کەسن و وردەکاریی زیاتری نەخستووەتەڕوو.
مانگی ئایار، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی سەرەکی و چوار کەسی دیکەی تێوەگلاو لە رووداوەکەی بە کۆمەڵێک چەکەوە راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، بکوژانی عەلی تاوە، یاریزانی بۆکسێنی عێراق دۆزراونەتەوە و دەستگیرکراون.
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 4, 2024
دایکی عەلی پێشووتر باسی کوشتنی کوڕەکەی بۆ رووداو کرد، (بەرەنگاربوونەوەی تاوان) لێدوانەکەی دایکی لە پەیامە ڤیدیۆکەیاندا… pic.twitter.com/aWiAUBfRzP
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ