حکومەتی عێراق رۆژی دووی نیسانی وەک رۆژی شەهیدی کوردی فەیلی دیاریکرد

04-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق بڕیاریدا رۆژی دووی نیسانی هەموو ساڵێک وەک رۆژی شەهیدی کوردی فەیلی دیاری بکرێت.
 
تارق مەندەلاوی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە دەزگای شەهیدان و راوێژکاری کاروباری کوردی فەیلی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 04-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراوێکیان بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ ئەوەی رۆژی دووی نیسانی هەموو  ساڵێک بکرێتە رۆژی شەهیدی کوردی فەیلی و ئەویش رەزامەندی لەسەر دا.
 
تارق مەندەلاوی گوتی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا کاژێر 10ـی بەیانی رۆژی دووی نیسانی هەموو ساڵێک، کارمەندان خولەکێک بە بێدەنگی لە تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بووەستن". 
 
ئەو بەرپرسەی دەزگای شەهیدان باسی لەوە کرد، نووسراوی گشتاندن بۆ هەموو وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق، پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو یادە بکرێتەوە. 
 
بەگوتەی مەندەلاوی، هەزاران کوردی فەیلی "لە سەردەمی رژێمی بەعس وڵاتینامەیان لێوەرگیرایەوە و دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا گیرا؛ زیاتر لە 22 هەزار گەنجی فەیلی لەلایەن رژێمی بەعس لەسێدارە دران". 
 
کوردانی فەیلی رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە، دوای ساڵی 1980 بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 666ـی حیزبی بەعس وڵاتینامەیان لێوەرگیرایەوە، لە شوێنی خۆیان دەرکران، لە خاوەنداریەتی موڵک و ماڵ بێبەشکران، دەستبەسەر موڵک و ماڵیاندا گیرا و هەزاران گەنجیان لەسێدارەدران. 
 
مادەی 17ـی یاسای وڵاتینامە، ژمارە 26ـی ساڵی 2006، جارێکی دیکە وڵاتینامەی بۆ ئەو هاونیشتمانییانە گەڕاندەوە و بڕیاری ژمارە 666ـی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاندەوە کە پێی بڕیارەکە کوردانی فەیلی وڵاتینامەیان لێ سەندرابوویەوە.   
 
تاوەکو ئێستا ئامارێکی ورد نییە ژمارەی کورد لە بەغدا و پارێزگاکانی عێراق دیاری بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە