رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی چەکداری شیعە کە خۆی بە "مقاومەى ئیسلامى" دەناسێنێت، رایگەیاند، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەى سەربازى عەین ئەسەد لە ئەبنار.
3ـی کانوونى یەکەمى 2023، "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" رایگەیاند، کە ئەو ھێرشەیان لە کاردانەوەى ئەو هێرشانەیە کە دەکرێنە شارى غەززەى فەلەستین.
راگەیاندنى ئەو هێرشە لەلایەن گرووپەکە دواى ئەوە بوو کە ئەمشەو، کاروانێکی هێزەکانى حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک بۆردوومان کرا.
سەباح عەلی، فەرماندەی فەوجی ئیمامی سوننەکان لە دووبز بە رووداوی راگەیاند، "دوای بیستنی دەنگێکی بەرز لە سەنگەرەکانی سنووری خەرابەڕووت، چووینە شوێنی رووداوەکە بینیمان ئۆتۆمبێلێکی لیوای 40ـی حەشدی شەعبی کراوەتە ئامانج و پێنج تەرم لە شوێنی رووداوەکە گواسترانەوە."
ئەو گرووپە لە راگەیێندراوێکى دیکەدا کوژرانى پێنج چەکدارى راگەیاند کە بە گوتەى خۆیان وەک ئەوانى دیکە لەشەڕى دژ بە هێزەکانى ئەمەریکا کوژراون.
هەرچەندە بەگوێرەی زانیارییەکانی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا- پێنتاگۆن، تاوەکو ئێستا ئەو هێرشەی پشتراست نەکردووەتەوە، "بەڵام پێدەچێت، ئەو هێرشە (کاونتەرباتری) بووبێت، واتە وەڵامی هێرشێک بووە لەڕێگەی دژە مووشەکەوە."
بەرپرسی نووسینگەی رووداو باسی لەوەش کرد، بەوپێیەی هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئەنجام نەدراوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسانی پێنتاگۆن ئێستا لەگەڵ فەرماندەکانیان لە عێراق لەسەر هێڵن.
بەپێی زانیارییەکانی دیار کوردە، فەرمانی ئەو هێرشە لەلایەن پێنتاگۆن و سێنتکۆم (فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا)ـەوە نەدراوە، ئەگەر کاونتەرباتریش بووبێت، ئەوا فەرماندەی ناوچەکە فەرمانەکەی داوە.
هاونیشتمانییانی گوندەکانی مامە و عەلەغێر لەسەر هێرشەکە بە رووداویان گوت "کاژێر 5:40ـی ئەم ئێوارەیە، دوو ئۆتۆمبێلی سەر بە هێزەکانی لیوای 40ـی کەتائیبی ئیمام عەلی و نوجەبا کراونەتە ئامانج."
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تەندروستی دووبزەوە رایگەیاند، "هێزێکی ئەمنی چوونەتە ناوچەکە و تەرمی کوژراوەکانیان گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ