جۆن کێربی: کۆگەی چەک و تەقەمەنیی پاسدارانمان لە سووریا کردووەتە ئامانج

27-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئەمریکا کۆشکی سپی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکانی رۆژی هەینیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە سووریا، کۆگەی چەک و تەقەمەنیی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بە بڕوای واشنتن، ئەو بۆردوومانە کاریگەریی "بەرچاو"ـی لەسەر تواناکانی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران دەبێت. 
 
رۆژی هەینی،27-10-2023، پێنتاگۆن بڵاویکردەوە، لە وەڵامی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دوو پێگەیان لە سووریا بۆردوومانکردووە. 
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، رۆژی هەینی، 27-10-2023 بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "مەبەست لە بەئامانج کردنی ئەو دوو شوێنە ئەوە بوو کە کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتووی سوپای پاسداران و گرووپە میلشیاکانی پشتیوانی کراوی ئێران دروستبکەین."
 
کێربی راشیگەیاند، بۆردوومانەکە "بە وردی کۆگەکانی چەک و تەقەمەنیی کردە ئامانج کە ئێمە دەزانین لە داهاتوودا بۆ پشتیوانیکردن لە کاری ئەو گرووپە میلیشیایانە بەکاردەهێنران."
 
دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەم، واشنتن پشتیوانیی خۆی بۆ ئیسرائیل پێشاندا. گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران کە خۆیان بە بەرەی بەرخودانی ئیسلامی ناودەبەن، هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر ئەمریکا پشتیوانی ئیسرائیل بکات، بەرژەوەندییەکانی دەکەنە ئامانج. 
 
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن، رۆژی پێنجشەممە، 26-10-2023، رایگەیاند، "لە نێوان 17 بۆ 26ـی تشرینی یەکەم، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لانیکەم 12 جار لە عێراق و  چوار جار لە سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر."
 
رۆژی هەینی 27-10-2023 بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی هێرشێکی درۆنییان بۆسەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری عێراق تێکشکاندووە و رۆژی پێنجشەممەش لە سووریا بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، کە هەردوو هێرشەکە زیانی گیانی و مادییان نەبووە.

 

بەو دوو هێرشەوە، دەبێتە 18یەمین جار لە دوای جەنگی حەماس و ئیسرائیلەوە هێرش کرابێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 4:30 بە کاتی هەولێر، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دوو پێگەیان لە شارۆچکەی ئەلبوکەمال لە رۆژهەڵاتی سووریا بۆردوومانکرد. 
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەو بارەیەوە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بۆردوومانەکە بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بووە و ئەو پێگانە کراونەتە ئامانج کە سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە نزیکەکانی بەکاریان دەهێنان و ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردوومانەکان "وەڵامێک بوون بۆ زنجیرەیەک هێرشی بەردەوام و شکستخواردوو لە لایەن گرووپە میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێرانەوە لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە بۆسەر ئەمریکییەکان لە عێراق و سووریا." 
 
لۆید ئۆستن گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەدوای جەنگدا ناگەڕێت، بەڵام "ئەو هێرشانە کە بە پاڵپشتی ئێران دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا جێگەی قبووڵکردن نین و دەبێت بووەستن. ئێران دەیەوێت دەستی خۆی بشارێتەوە و نکۆڵی لە رۆڵی خۆی لەو هێرشانەدا بۆسەر هێزەکانمان بکات، بەڵام ئێمە رێگە نادەین. ئەگەر هێرشەکان بۆسەر هێزەکانمان لە لایەن هێزە بەوەکالەتەکانی ئێرانەوە بەردەوام بن، دوو دڵ نابین لە گرتنەبەری رێکاری زیاتر بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.