ئاهەنگی بوونە پاڵەوانی پێرسپۆلیس بۆ ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران گۆڕا

31-07-2021
فواد حەقیقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جەژنی خۆشی و شادی شەوی رابردووی هەوادارانی یانەی پێرسپۆلیس بۆ سەرکەوتنی یانەکەیان، لە چەند شارێکدا بووە دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و درووشمدان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە هەندێ لە شارەکانیش پۆلیس هێرشی کردە سەر خەڵک. 
 
لە پاڵەوانێتیی پلە نایابەکانی ئێران، یانەی پێرسپۆلیس ئێوارەی رۆژی هەینی 30-07-2021 بەسەر یانەی پەیکاندا سەرکەوت و بە بەدەستخستنی سێ خاڵی دیکە بووە پاڵەوانی ئەم خولەی پلە نایابەکانی ئێران.
 
بە بۆنەی سەرکەوتنی پێرسپۆلیسەوە لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران هەوادارانی ئەو یانەیە لە شەقامەکان خۆشیان دەربڕی، بەڵام هەندێ لەوان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە دەسەڵاتی ئێران گۆڕدرا.
 
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، لە تاران هەوادارانی پێرسپۆلیس لە هەندێ لە شەقامەکانی ئەو شارەدا دژی دەسەڵاتی ئێران درووشم دەڵێنەوە، لەوانەش "مردن بۆ دیکتاتۆر، مردن بۆ کۆماری ئیسلامی، مردن بۆ ویلایەتی فەقیی".
 
لە هەندێ لە شەقامەکانی گەڕەکەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای تاران، خۆپێشاندەران سەتڵی زبڵیان ئاگر تێبەردا و شەقامەکانیان داخستن.
 
هەر بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەتەوە، هێزە ئەمنییەکان بە ماتۆڕ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران دەدەن و لە هەندێ شوێنیش لە خەڵک دەدەن.
 
لە شاری گوڵستانی نزیک تارانیش خەڵک تاوەکو درەنگانی شەو لە شەقامەکاندا بوون و دژی رێبەری ئێران و کۆماری ئیسلامی درووشمیاندا.
 
لە شاری کرماشانیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵک بۆ خۆشی دەربڕین بەهۆی سەرکەوتنی پێرسپۆلیس چوونە سەر شەقامەکان، لەوێش درووشمیان دووبارە کردەوە و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیش بەرەنگاری خەڵک بوونەوە.
 
لە چەند ڤیدیۆیەکی دیکە دەردەکەوێت کە خۆشی دەربڕین بەهۆی سەرکەوتنی پێرسپۆلیس و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەسەڵاتی ئێران لە شارەکانی ئەراک، قوم و بابولیش بەڕێوەچوون.
 
لە 3 هەفتەی رابردوودا قۆناخێکی دیکەی ناڕەزایەتی بەشێک لە شارەکانی ئێرانی گرتەوە؛ ناڕەزایەتییەکان لە پارێزگای خوزستانەوە بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەبا دەستیانپێکرد و ژمارەیەک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە، لەوانە کرماشان.
 
ناڕەزایەتییەکان بە گوشاری پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دامرکێنرانەوە و بەگوتەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ لە پارێزگای خوزستان، هێزە ئەمنییەکان ماڵ بە ماڵ بە شوێن ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە رۆڵیان لە ناڕەزایەتییەکاندا هەبووە و دەستبەسەریان دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە