ئێران

ژمارەیەک ئەندامی سوپای پاسداران لە نمایشێکی سەربازیدا بەبۆنەی یادی شەڕی ئێران - عێراق. مێژووی وێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ 22-9-2007: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، توانا بەرگری و سەربازییەکان، هێڵی سووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و بەهیچ شێوەیەک دانوستاندنیان لەسەر ناکرێت.
رۆژی سێشەممە، 15ی نیسانی 2025، عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیا کە بە بۆنەی یەکەمین ساڵڕۆژی یەکەمین هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل رێكخرابوو، رایگەیاند وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک دانوستاندن لەسەر توانا سەربازی و بەرگرییەکانی ناکات.
گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتی، "ئاسایشی نەتەوەیی و توانا بەرگری و سەربازیەکانی ئێران، هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و بەهیچ شێوەیەک و لە هیچ بارۆدۆخێکدا رێگە نادرێت دانوستاندنیان لەسەر بکرێت."
عەلی محەممەد نائینی، باسی هێڕشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کرد و گوتی: "ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستی1 و ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستی2، دوو نموونەی کۆنکرێتی و بەرچاوی ئیرادە و جیدیبوونی هێزە چەکدارەکانی ئێرانن بۆ بەرگری لە ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی."
ئەم لێدوانەی گوتەبێژی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە، 12ی نیسانی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بە نێوەندگیریی بەدر بوسەعید، وەزیری دەرەوەی عومان لە مەسقەت لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، هەردوولا دانوستاندنەکانیان بە "ئەرێنی و بونیادنەر" ناوبرد.
لەکاتێكدا ئێران جەختی کردووەتەوە گفتوگۆکان تەنیا بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەگرێتەوە؛ هەندێک سەرچاوە دەڵێن، ئەمریکا خواستی ئەوەی هەیە دۆسیەی دیکەی وەکو مووشەکی بالیستی و هەژموونی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بخاتە نێو گفتوگۆکانەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندبوو، پێویستە ئێران واز لە بیرۆکەی چەکی ئەتۆمی بهێنێت و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی کردووە، ئەگەر تاران لەگەڵ واشنتن نەگاتە رێککەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ