رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویکردەوە کە سێ بەشداربووی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو لە ئیسفەهان لە سێدارەدراون. میدیای فەرمیی ئێرانیش دەڵێت: "ئەو خۆپێشاندەرانە دەستیان هەبووە لە کوشتنی سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە ئیسفەهان."
رۆژی هەینی 19-05-2023 بەڕێوەبەرایەتی میدیایی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران لە راگەیێنراوێکدا جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی شێخ شەبانی و سەعید یەعقوبی کوردسفلی راگەیاند.
ئەو سێ هاووڵاتییە لە 15ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لەکاتی خۆپێشاندانەکانی ئیسفەهان دەستگیرکران و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە تۆمەتی کوشتنی دوو بەسیج و ئەفسەرێکی هێزە ئەمنییەکان دادگاییکران، پاشان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
پێشتر میدیا فەرمییەکانی ئێران ڤیدیۆی دانپێدانانی ئەو سێ خۆپێشاندەرەیان بڵاوکردەوە، بەڵام لەنێو گرتە ڤیدیۆکەشدا رەتیانکردەوە کە دەستیان هەبووبێ لە کوشتنی هێزە ئەمنییەکان. هەرچەند ئەوکات کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاوی کردەوە کە دەستیان هەبووە لە کوشتنی دوو ئەندامی بەسیج، بەڵام لە راگەیێنراوەکەی ئەمڕۆیاندا نووسراوە، بە تۆمەتی کوشتنی سێ لە ئەندامانی بەسیج و هێزە ئەمنییەکان لە سێدارەدراون.
لە راگەیێندراوەکەی دەزگای دادی ئێراندا ئەو سێ خۆپێشاندەرە بە "تیرۆریست" ناویان هاتووە و نووسراوە: "دەستیان هەبووە لە کوشتنی دوو ئەندامی بەسیج بە ناوەکانی موحسین حەمیدی و محەممەد کەریمی و ئەفسەرێکی هێزە ئەمنییەکان بەناوی ئیسماعیل چراغی."
دوای دەرچوونی سزای لەسێدارەدان لەلایەن دادگەی ئیسفەهانەوە، ئەو سێ خۆپێشاندەرە نامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوایان لە خەڵک کرد رێگە نەدەن لەسێدارە بدرێن. رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران داوایان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، سزای لەسێدارەدانەکەیان رابگرێت.
لەدوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئێران کە بەهۆی گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینی لە بنکەی پۆلیسی رەوشتی ئێران سەریهەڵدا، هەزاران هاووڵاتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپێشاندان دەستگیر کران. بە لەسێدارەدانی ئەو سێ خۆپێشاندەرە، ژمارەی لەسێدارەدراوانی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران گەیشتە حەوت کەس.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکان چوار هاووڵاتیان بە ناوەکانی موحسین شکاری، مەجید رەهنەوەر، محەممەد مەهدی کەرەمی و محەممەد حوسێنی لە سێدارەدان، بڕیاری لەسێدارەدان بۆ دەیان خۆپێشاندەری دیکەش دەرچووە و ئێستا لە گرتووخانەکاندا چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزاکەیانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ