لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نرخی پێداویستیی قوتابخانەکان بەڕێژەی 100% زیاد دەکات

12-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
گرانبوونی پێداویستییەکانی خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان
گرانبوونی پێداویستییەکانی خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان
نیشانەکردن قوتابخانە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدرێت، هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕازین لە بەرزیی نرخی کەلوپەل و جلوبەرگی قوتابییان، کە بەرێژەی 100% زیادیکردووە.
 
قەرەنی ساڵحزادە هاونیشتمانییەکی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بەقاڵە، کە داهاتی مامناوەندە. ئەو، بۆ کڕینی پێداویستیی خوێندن بۆ دوو منداڵەکەی، بردوونەتییە یەکێک لە پەڕاوگەکانی مهاباد، بەڵام بەهۆی گرانبوونی نرخی شتوومەکی خوێندن، ناتوانن بەدڵی خۆیان وەکو پێویست، پێداویستیی خوێندن بۆ منداڵەکانیان بکڕن.
 
سەرۆکی سەندیکای فرۆشیارانی پێداویستییەکانی خوێندنی ئێران دەڵێت، ئەمساڵ نرخی شتوومەکی قوتابخانەکان نزیکەی لە 50% بەرزبووەتەوە، بەڵام شتوومەکەکان لە بازاڕەکاندا دەستناکەون، بۆیە پێشبینی دەکرێت نرخەکەی بەڕێژەی 100% بەرزببێتەوە
 
ساڵانە وەکو نەریت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خێزانەکان جلوبەرگ و پێداویستی نوێ بۆ منداڵەکانیان دەکڕن، ئێستا ئەگەر دایک و باوکێک پێداویستیی خوێندن بۆ منداڵەکەیان بکڕن نزیکەی دوو ملیۆن تمەنی تێدەچێت، ئەگەر کواڵێتی پێداویستییەکانیش باش بن رەنگە بگاتە پێنج ملیۆن تمەن.
 
بەپێی ئامارەکان، ئەمساڵ 16 ملیۆن و 700 هەزار قوتابی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناویان تۆمارکردووە وەکو دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە