رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی دادوەریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی لە دژی ئێران دەرکرد و دەڵێت، تاران بەشی پێویست هاوکاری ناکات. تارانیش دەڵێت: "بڕیارەکە زۆر بەپەلە و ناعەقڵانی بووە."
رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە رێگەی ئەنجوومەنی دادوەرییەوە بڕیارێکی لەدژی ئێران پەسند کرد، کە لەلایەن ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا ئامادەکرابوو.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت، تاران هاوکاریی پێویست ناکات و "پێویستە بەپەلە بگەڕێتەوە بۆ پابەندییەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی".
ئاژانسەکە دەڵێت: "ئێران رێگەنادات پشکنەرانی ئاژانس چاودێریی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بکەن". دەشڵێت، تاران لەبارەی دۆزینەوەی گەردیلەی یۆرانیۆم لە دوو شوێنی نهێنی روونکردنەوە نادات.
پڕۆژەبڕیارەکە بە 20 دەنگی بەڵێ، 12 دەنگی بەتاڵ و یەک دەنگی ئامادەنەبوو تێپەڕێندرا. بە گوێرەی ئەو بڕیارە، پێویستە ئێران روونکردنەوەی متمانەپێکراوی تەکنیکی لەسەر دۆزینەوەی یۆرانیۆم لە دوو شوێنی ئاشکرانەکراودا بدات.
ئاژانسەکە هەروەها داوا لە ئێران دەکات رێگە بدات پشکنەران بگەڕێنەوە سەر کاری چاودێریی خۆیان و کامێراکانی چاودێریش بە کار بخرێنەوە.
بڕیارنامەی ئاژانسەکە ئاماژە بەوەش دەدات: "نیگەرانین لەو لێدوانە روون و ئاشکرایانەی ئێران کە گوایە توانای تەکنیکیی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە."
سەعید ئیرڤانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "بڕیارەکە پەلەپەلی لێکراوە و ژیرانە نەبووە. بڕیارەکە بێگومان کاریگەرییەکی رووخێنەری لەسەر دیپلۆماسییەت دەبێت."
رۆژی 08-05-2024 محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوشێوەی زۆر لە وڵاتانی جیهان سوورە لەسەر پەرەدان بە توانا تەکنەلۆژییەکانی، کارکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە چوارچێوەی پەیماننامەی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی، بڕیارێكی ستراتیژیی ئێرانە؛ بەڵام نابێت سنوورەکان ببەزێندرێن، ئێمە لە هەموو وڵاتێك زیاتر رێگەمان بە تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوە پێگە ئەتۆمییەکان بپشکنن."
بە گوتەی ئێران، لە پێنج ساڵی رابردوودا تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەرووی 22%ی پێگە ئەتۆمییەکانی پشکنیوە، کە لە مێژووی هیچ وڵاتێكدا رووینەداوە، بەڵام رۆژئاوا گومانی لە نیازی ئێران هەیە.
ئەوکات رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند: "ئاستی پشکنین هێندەی پێویست نییە. رێککەوتنی پشکنینمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام ئەوان بەربەست دروست دەکەن. ئاداری 2023 شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەیەکی بەرز لە بنکەیەکی ئێران دۆزرایەوە. ئەوان ئێستا هێندە یۆرانیۆمیان هەیە کە بتوانن چەند کڵاوەیەکی ئەتۆمی دروست بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ