ئێران
ئەنجوومەنی دەستووری ئێران دەڵێت، لە سێ بازنەی وڵاتەکە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان بەڕێوە ناچێت.
رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری سیاسی رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ و حکومەت بە گشتی دژی ئەوەن ماوەی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان بۆ حەوت ساڵ درێژ بکرێتەوە و پێویستە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت.
عەلی زەینی وەند، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، شەوی چوارشەممە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، حکومەت رژدە لە سەر جێبەجێکردنی یاسا و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، بەڵام ئەگەر گۆڕانکاری لە یاسادا بکرێت، حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ پابەندی دەبن.
جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، ئاماژە بە داواکاری ئەنجوومەنی باڵای پارێزگاکانی ئێرانی کرد کە داوایان کردووە ئەم خولەی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان بۆ حەوت ساڵ درێژ بکرێتەوە و گوتی، "کردن یان نەکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکان لە دەستی پەرلەماندایە، ئێمە وەکو حکومەت رژدین لەسەر جێبەجێکردنی یاسا. هەر خولێکی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان چوار ساڵە، بەڵام ئەگەر یاسا بگۆڕدرێت، ئەگەر پەرلەمان پەسندی بکات، حکومەت لاری نییە."
عەلی زەینی وەند، نەیشاردەوە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنەکانن و گوتی: "خەڵک بۆ چوار ساڵ دەنگیان بەو ئەنجوومەنانە داوە. پێویستە یاسا وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و ئێمە وەکو حکومەت لە دژی ئەوەین ماوەی ئەنجوومەنەکان بکرێتە حەوت ساڵ."
وەزاەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە، رۆژی 20-06-2025 هەڵبژاردنی پێشوەختەی 12ـەمین خولی پەرلەمان و شەشەمین ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکانی گوند و شارەکان دەکرێت.
ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێرانیش دەڵێت، بەهۆی کێشەی یاسایی بۆ تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان لە سێ بازنە ناکرێت و تەنیا لە بازنەی تەورێز، ئوسکۆ و ئازەرشەهر بەڕێوەدەچێت.
رۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2024، هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وادەی دەستلەکارکێشانەوەی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان کۆتاییهاتووە و پرۆژەیاسای بەپەلەی پەرلەمانتاران لەو بارەیەوە لە پەرلەمان دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا و رەتکرایەوە، تاوەکو ئێستا ناکرێت هەڵبژاردنەکە لە بازنەکانی بەندەر ئەنزەلی، بوستان ئاباد و نەغەدە و شنۆ بەڕێوەبچێت. بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 12ـەمین خولی پەرلەمان تەنیا لە بازنەی تەورێز، ئازەرشەهر و ئۆسکو بەڕێوەدەچێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ