رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئێران دەستپێشخەری هیچ شەڕێکی لە ناوچەکەدا نەکردووە و ناشیکات. دەشڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا مانۆڕی سەربازی دەکەن.
بەپێی راگەیێندراوی ناوەندی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، غوڵامعەلی رەشید، فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە قسەی کرد و جەختی لە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو هەڕەشەیەک کردووە.
غوڵامعەلی رەشید ئاماژەی بەوەدا ساڵانە هێزە چەکدارەکانی ئێران 30 مانۆڕی سەربازی دەکەن، لە چەند رۆژ و هەفتەی داهاتوودا چەندین مانۆڕی سەربازیی لە زەوی، ئاسمان و دەریادا دەکەن. گوتیشی: "مانۆڕەکان بۆ بەرزکردنەوەی توانا و ئامادەیی هێزەکانە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی دوژمنانی گەلی ئێران."
بە گوتەی فەرماندەکەی سوپای پاسداران، سیاسەتی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئامانجی بەرگریکردن دارێژراوە و دەڵێت، "ئێران بەپێی سیاسەتەکانی لە بواری سەربازیدا دەستپێشخەری بۆ هیچ شەڕێک لە ناوچەکەدا نەکردووە و ناشیکات. بەڵام بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئامادەیی هێزەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان، مانۆڕی سەربازی دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ