رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەڵێت، هیچ هەڕەشەیەکی جیدی و هاتووچۆیەکی گوماناوی لە کەنداو و نزیک لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران نییە؛ دەشڵێت: "هێزەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو هەڕەشە و مەترسییەک ئامادەن و ئاڵای سپی هەڵناکەین".
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2024)، عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە دوای پێشهاتەکانی سووریا بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند: "لەم ماوەیەدا هیچ هەڕەشەیەکی جیدیمان نەبینیوە کە ئاسایشی ئێمە لە کەنداو بخاتە مەترسییەوە. هەندێک هاتووچۆ هەن، بەڵام هیچ شتێکی جیدی کە ئاسایشمان تێک بدات، نەبووە."
عەلیڕەزا تەنگسیری گوتی، چاودێرییەکانیان لە کەنداو و سنوورە ئاوییەکانی ئێران بەردەوامن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانیان لە ئاستێکی باشی ئامادەییدان و رایگەیاند: "بوونی بەهێزمان لە دەریادا ئاماژەیە بۆ ئەو ئامادەکاریانە".
وەک ئاماژەیەک بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە کەنداو، فەرماندەکەی سوپای پاسداران رایگەیاند: "ئەو هێزە بیانییانەی لە کەنداون 4 میل (نزیکەی 6.5 کیلۆمەتر) لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دوورن و بە هیچ شێوەیەک نزیکی سنوورە ئاوییەکانمان نابنەوە و تەنیا لە سنوورە ئاوییەکانی وڵاتانی باشووری کەنداو هاتووچۆ دەکەن".
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران هەروەها دەڵێت، "هێزەکانمان لە دەریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو هەڕەشە و مەترسییەک 100٪ ئامادەن و ئاڵای سپی هەڵناکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ