رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دیمەنی یەکێک لە مزگەوتەکانی کەرتی غەززەیە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراوە.
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری حکومەتی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین دەڵێت، سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگی غەززەوە 188 شوێنەواری غەززەی بۆردوومانکردووە. بەرپرسانی غەززەش دەڵێن، لە 7ـی تشرینی یەکەمی پارەوە 206 شوێنەوار لەنێو غەززە وێران بوون، یان زیانیان بەرکەوتووە.
هانی حایک، وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری حکومەتی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین لە گوتەیەکدا سەرکۆنەی بۆردوومانکردنی شوێنەوارە مێژووییەکانی کەرتی غەززەی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کرد و رایگەیاند، لە 7-10-2023ـەوە ئیسرائیل 188 شوێنەواری لە غەززە کردووەتە ئامانج.
حایک لە رامەڵڵا رایگەیاند، "بەشێکی زۆری ئەو شوێنەوارە مێژووییانە بە تەواوی وێرانبوون و ژمارەیەکیشیان زیانیان بەرکەوتووە. بەگشتی لەسەرەتای جەنگەکەوە ئیسرائیل 188 شوێنەواری مێژوویی لە غەززە کردووەتە ئامانج."
ئەو وەزیرە فەلەستینییە گوتیشی، سوپای ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا مزگەوت، کەنیسە و مۆزەخانەشی کردووەتە ئامانج.
حایک، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێگەی ئەو هێرشانەوە دەیەوێت ناسنامە، کولتوور و مێژووی فەلەستین لەغەززە لەنێوبەرێت و گوتی، "زۆربەی ئەو شوێنەوارانەی وێران کراون، بەڵگەی مێژوویین لەسەر سەلماندنی ناسنامەی فەلەستین لەو ناوچەیەدا".
هاوکات بەرپرسانی کەرتی غەززە نەخشە و ئاماری ناوچە مێژووییەکانی ناوچەکەیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، لەسەرەتای جەنگەکەوە لە کۆی 325 ناوچە و شوێنەواری مێژوویی لە غەززە، 206ـیان بە تەواوی وێران بوون، یان زیانیان بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ