وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: ئاگربەست بۆ جەنگی لوبنان زۆر نزیکە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە ئیتاڵیا، دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بۆ جەنگی لوبنان بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا سەرجەم لایەنەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە زۆر نزیکن. 
 
رۆژی (سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024)، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپ حەوت لە ناوچەی فلۆرێنسی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر ئاگربەست لە لوبنان و راگرتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا "زۆر نزیکە." 
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئاگربەست و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لەسەر بنەمای پرۆژەبڕیاری 1701ـی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر نزیکە، ئەوەش بۆ رۆڵی نێوەندگیریی ئەمریکا و فەرەنسا دەگەڕێتەوە".  
 
ئەو بڕیارە لە دوای جەنگەکەی ساڵی 2006ـی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە ئابی ئەو ساڵەدا پەسندکرا و داوای چەکدانان لە گرووپە چەکدارەکانی لوبنان دەکات لەنێویشیان حیزبوڵڵا؛ هەروەها داوای جێگیرکردنی 15 هەزار هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفێل) لە باشووری لوبنان، رێزگرتن لە سەروەریی خاکی لوبنان و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو وڵاتە دەکات.
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەڵمانیا گوتی، بەرپرسانی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبیشیان بۆ کۆبوونەوەی گرووپی حەوت بانگهێشت کردووە؛ ئەوەش بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و تاوتوێکردنی پێشنیازەکەی ئەمریکا.
 
بێربۆک رایگەیاند، "ئێستا جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە ساتێکی هەستیاردایە و ئاگربەست نزیکە، لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی ئەزموونی چەند مانگی رابردوو، نابێت پشت بەو هیوایە ببەخشین و دەبێت ئەنجام ببینین". 
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی "هیچ پاساوێک بۆ ئیسرائیل نەماوە تاوەکو بە ئاگربەست رازی نەبێت". 
 
بەگوێرەی پێشنیازەکەی ئەمریکا، ئاگربەست لە قۆناخی یەکەمدا بۆ دوو مانگ دەبێت و لەوماوەیەدا چەکدارانی حیزبوڵڵا لە ناوچەکانی باشووری لوبنان لەسەر سنووری ئیسرائیل دەکشێنەوە تاوەکو باشووری رووباری لیتانی. هەروەها سوپای لوبنان لەو ناوچە سنوورییە لە دیوی وڵاتەکەی جێگیر دەکرێت.
 
رووباری لیتانی کەوتووەتە دۆڵی بیقاع و نزیکەی 20 کیلۆمەتر لەسنووری ئیسرائیلەوە دوورە. 
 
خاڵێکی دیکەی پێشنیازەکە بریتییە لەوەی ئەگەر هەر پێشێلکارییەک کرا، سوپای ئیسرائیل مافی هەیە لەنێو خاکی لوبنان ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە