ترەمپ دەیەوێت بەشی زۆری کەرتی ‌غەززە چۆڵ بکرێت

26-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دەیەوێت ئوردن، میسر و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، پەنابەری زیاتری فەلەستینی خەڵکی غەززە وەربگرن بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیەی فەلەستین "پاک بکەنەوە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەکرێت یەکەم سەردانی بۆ سعودیە یان بەریتانیا بێت.  
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی چوونی لە نیڤاداوە بۆ فلۆریدا لەبارەی هەندێک پێشهات بۆ رۆژنەماڤانان قسەی کرد و رایگەیاند، رۆژی شەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن باسی ئەو پلانەی کردووە کە ئوردن و میسر و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، پەنابەری زیاتری خەڵکی غەززە وەربگرن و بڕیارە رۆژی یەکشەممەش هەمان بابەت لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر باس بکات. 
 
ترەمپ گوتی: "حەز دەکەم ئەوان خەڵکی زیاتر وەربگرن؛ میسر خەڵکی زیاتر وەربگرێت. ئێمە باس لە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کەس دەکەین بۆ ئەوەی شوێنەکە بە تەواوی پاک بکەینەوە و پێیان بڵێین کۆتایی هاتووە".  
 
47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا ستایشی هەوڵەکانی ئوردنی کرد بەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەری فەلەستینی وەرگرتووە و بە شای ئوردنیشی گوتووە: "زۆر حەز دەکەم ژمارەیەکی زۆرتریش وەربگریت، لەبەرئەوەی من ئێستا تەماشای کەرتی غەززە دەکەم و دەبینم وێرانە؛ بەڕاستی وێرانەیە." 
 
ترەمپ دەڵێت، ئەو هەنگاوە دەکرێت "کاتی بێت، یانیش درێژخایەن"، باسی لەوەشکرد ئەو ناوچەیەی کەرتی غەززەی تێدا هەڵکەوتووە، سەتان ساڵە چەندین ململانێ و ناکۆکی بەخۆوە بینیوە. 
 
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووانی غەززە دەڵێت، "دەبێت شتێک بکرێت، بەڵام ئێستا (غەززە) ناوچەیەکی وێرانەیە و بەشێکی زۆری داروپەردووە و خەڵک بەردەوام دەمرن؛ بۆیە حەز دەکەم لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی هاوئاهەنگی بکەم و لە هەندێ شوێنی جیاواز یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت و رەنگە لەو شوێنانەدا لە ئاشتیدا بژین".  
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، دەکرێت یەکەم سەردانی بۆ دەرەوە بۆ سعودیە یان بەریتانیا بێت.  

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە. وێنە: REUTERS/Louiza Vradi

محەممەد بن سەلمان: ئاواتەخوازی پەیوەندییەکی باشین لەگەڵ ئێران

شازادەی جێنشینی سعودیە رایگەیاند کێشەی ئەوان لەگەڵ ئێران، لەسەر "کردەوە نەرێنییەکانی تارانە"، لەوانەش بەرنامە ئەتۆمییەکەی و "پشتیوانی لە میلیشیا یاخیبووەکان".