رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

لوبنانییەک لەدوای ئاگربەستی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل لەنێو داروپەردوودا ئاڵای وڵاتەکەی بەرزکردووەتەوە. وێنە: REUTERS
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ئاگربەستی 60 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان تەواو دەبێت و سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ناتوانێت لە خاکی لوبنان بە تەواوی بکشێتەوە، بە پاساوی ئەوەی سوپای لوبنان و حیزبوڵڵا پابەندی خاڵەکانی ئاگربەست نەبوون. لوبنانیش ئیسرائیل بە دواخستنی کشانەوەی هێزەکانی لە باشووری وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات.
رۆژی 26-11-2024 ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی راگەیێندرا. ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، دوایین رۆژی ئاگربەستە 60 رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و لوبنانە.
بەگوێرەی بڕگەکانی ئاگربەستەکە، دەبێت هێزەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان بکشێنەوە و نزیکەی پێنج هەزار سەربازی سوپای لوبنان بچنە شوێنەکانیان، بەڵام سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە گوتی، ناتوانێت لەو ماوە کورتەی ماوە هێزەکانی بە تەواوی بکشێنێتەوە.
شەڕی نێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل رۆژێک دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، واتە لە 8ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستی پێکرد و 14 مانگ بەردەوام بوو، کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی چوار هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەسی دیکە لە هەردوولا.
لەبارەی کۆتاییهێنانی ماوەی ئاگربەست و جێبەجێکردنی خاڵەکان، سوپای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پلانی جێگیرکردنی هێزەکان لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە، بەڵام لە هەندێ شوێن جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئاگربەست دواکەوتووە، بەهۆی تاکتیکی دواخستنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی دووژمن، ئەوەش کاریگەری لەسەر ئەرکە سەربازییەکانمان هەبووە".
وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەو ئاگربەستە بۆ 30 رۆژی دیکە درێژ بکەنەوە.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە باشووری لوبنان رایگەیاند: "خاڵەکانی ئاگربەست بەتەواوی لەلایەن دەوڵەتی لوبنانەوە جێبەجێ نەکراون؛ بۆیە کشانەوەی سەربازەکان لە دوایین رۆژی ئاگربەست تێدەپەڕێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ