رووداو دیجیتاڵ
شارۆچکەی نەیرەب لە باشووری شاری حەلەب لە باکووری سووریا، بەشی زۆری بە وێرانەیی ماوەتەوە و هیچ ئاسۆیەکی نۆژەنکردنەوەی نابیندرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە بەهۆی ئەوەی هیچ پێشکەوتنێک لە دۆخی سووریادا نییە.
گیر پیدەرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا دەڵێ "دوای 13 ساڵ لە ململانێ لە سووریا و سەرەڕای چەندین هەوڵی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە، راستییەکە ئەوەیە؛ پێشهاتەکان بەپێچەوانەوە دەڕۆن، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی، مرۆیی، مافەکانی مرۆڤ، ئابووری و دۆخی سیاسییەوە."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕ و قەیرانی 13 ساڵەی سووریا بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 507 هەزار کەس؛ زیاتر لە 16 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتەش پێویستییان بە هاوکاری هەیە. نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەم ساڵ پێویستی بە 4.7 ملیار دۆلارە بۆ دابینکردنی هاوکاری بۆ ئەو خەڵکە؛ 12.9 ملیۆن کەسیش ئاسایشی خۆراکیان نییە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەنیا 0.02٪ـی ئەو هاوکارییە مرۆییەی ئەمساڵ بۆ سووریا داواکراوە، کۆکراوەتەوە.
جۆیس مسویا، جێگری یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی دەڵێ ئێستا لە سووریا لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر پێویستییان بە هاوکاریی هەیە، "کەچی دابینکردنی هاوکاری لەلایەن وڵاتانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە."
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2023ـدا داوای 5 ملیار دۆلاری بۆ دابینکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد، بەڵام تەنیا 38٪ـی هاوکارییەکان دابینکران، ئەوەش کەمترین بڕی دابینکردنی هاوکاری بوو لە ساڵی 2011ـەوە.
ئەو پێشهاتانەی لەسەر ئاستی جیهان هاتوونەتە پێشەوە، دەکرێت ئەو بڕە بۆ ئەم ساڵ کەمتر بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ