رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

کاردانەوەی ژمارەیەک فەلەستینی لە رامەڵڵا دوای ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاند ئازادکردنی گیراوە فەلەستینییەکان دوادەخات، وێنە: Zain JAAFAR / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسرائیل، رایگەیاند پرۆسەی ئازادکردنی گیراوە فەلەستینییەکان دوادەخات کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە ئازادیان بکات، هەتاوەکو ئەوکاتەی بزووتنەوەی حەماس مەرجەکانی قبووڵ دەکات.
رۆژی یەکشەممە (23ـی شوباتی 2025) نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی لەبارەی ئەو بڕیارەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئیسرائیل رادەستکردنی 620 گیراوی فەلەستینی راگرتووە، تاوەکو ئەوکاتەی دڵنیا دەکرێنەوە لە ئازادکردنی گەڕێکی دیکەی بارمتەکان، بەبێ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ئازادکردن کە ئیسرائیل بە "رێوڕەسمێکی سووکایەتیپێکردن" ناوی دەهێنێت.
ئیسرائیل ئاماژە بەو رێوڕەسمانە دەکات کە چەکدارانی حەماس لەگەڵ هەموو گەڕێکی ئازادکردنی بارمتەکان، بەڕێوەیدەبەن.
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلیش بەو رێوڕەسمانە نیگەرانن و "سەرکۆنەیان کردووە."
لەمیانی رێوڕەسمەکاندا، چەکدارانی حەماس هەندێک جار بارمتەکان دەهێننە سەر سەکۆ و بەنێو خەڵکدا نمایشیان دەکەن، هەندێ کاتیش قسەیان پێدەکەن ئینجا ئازادیان دەکەن.
ئەو بڕیارەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، رۆژی (شەممە، 22ـی شوبات) حەماس، 6 بارمتەی دیکەی ئازاد کرد و ئەو شەش بارمتەیەش، دوا بارمتەی زیندوو بوون کە بڕیارە حەماس لە گەڕی یەکەمی ئاگربەستەکە دا ئازادیان بکات.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، حەماس تەرمی چوار بارمتەی کوژراو رادەستی ئیسرائیل بکاتەوە.
ئیسرائیل و حەماس بەردەوام یەکتریان تۆمەتبار کردووە بەوەی، مەرجەکانی ئاگربەستیان پێشێلکردووە کە لە 19ـی مانگی رابردووەوە، چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، تائیستا لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستدا، حەماس 30 بارمتەی ئازاد کردووە کە 26ـیان زیندوو بوون، لەگەڵ چوار تەرم.
بەمەش ئیسرائیلییەکان رایانگەیاندووە, 63 بارمتە لەنێو کەرتی غەززە دا ماون کە کەمتر لە نیوەیان بە زیندوویی ماونەتەوە و بڕیارە بەگوێرەی مەرجەکانی ئاگربەستەکە لە قۆناخی دووەمدا، سەرجەمیان ئازاد بکرێن و تەرمی کوژراوەکانیش رادەست بکەنەوە، لەبەرامبەر کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل لەنێو کەرتی غەززە دا.
هێشتا گفتوگۆکان بۆ رێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی گەڕی دووەمی ئاگربەست بەردەوامن و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەنێوەندگیریی قەتەر و میسر، دانووستانەکان دەستپێبکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ