رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند یەکێک لەو چوار تەرمانەی لەلایەن حەماسەوە رادەستیان کراوەتەوە، تەرمی بارمتەکانی کەرتی غەززە نییە. حەماسیشی بەوە تۆمەتبار کرد ئاگربەستەکەی پێشێل کردووە.
رۆژی هەینی، 21ی شوباتی 2025، سوپای ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو چوار تەرمەی رۆژێک پێشتر لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە رادەستکراونەتەوە، لەدوای پشکنین بۆ تەرمەکان، سیانیان پشتڕاستکراونەتەوە کە تەرمی هەریەک لە ئاریاڵ و کفیر بیباسی برا بوون، کە لەکاتی رفاندنیان تەمەنیان نۆ مانگ و چوار ساڵان بوون، بەڵام تەرمەکەی دیکە کە دەبووایە تەرمی شێری بیباسی دایکیان بووایە، ئەو نەبووە.
لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: "ئەمە پێشێلکارییەکی زەقە لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستی حەماسەوە، کە بەگوێرەی ئاگربەستەکە، بەرپرسیارە لەوەی تەرمی بارمتەکان رادەست بکاتەوە."
چوارەم تەرم، تەرمی ئۆدێد لێفشێتزت تەمەن 83 ساڵ بووە و تەرمەکە رادەستی خانەوادەکەی کراوەتەوە.
تائێستا بزووتنەوەی حەماس هیچ کاردانەوەیەکی لەبارەی تۆمەتەکانی سوپای ئیسرائیل نەبووە.
پاش رادەستکردنەوەی تەرمەکان، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی دا.
بەگوێرەی ئاگربەستی غەززە کە لە 19ی مانگی رابردوو چووە بواری جێبەجێکردنەوە، تائێستا حەماس، 24 بارمتەی ئازادکردوون لەبەرامبەردا ئیسرائیل نزیکەی دوو هەزار گیراوی فەلەستینی ئازادکردووە.
لەچوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە؛ بڕیارە سبەی رۆژی شەممە؛ حەماس شەش بارمتەی دیکە ئازاد بکات.
چاوەڕێش دەکرێت هەفتەی داهاتوو، دانوستانەکاندنەکان بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەست دەستپێبکەن کە بریتییە لە ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و ژمارەیان نزیکەی 60 بارمتەیە، لە بەرامبەردا دەبێت سوپای ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە بکشێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ