رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە، لە یەمەن کوژرانی زیاتر لە 80 چەکداری حوسییەکانی لە 24 کاژێری رابردوودا راگەیاند.
هاوپەیمانیی عەرەبی لە راگەیێندراوێکدا، کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودیە بڵاویکردووەتەوە، ئاشکرای کردووە لە ماوەی 24 کاژێردا، 19 ئۆپەراسیۆنی لە دژی حوسییەکان لە هەردوو پارێزگای مەئریب و جۆفدا کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە لەو ئۆپەراسیۆنانەدا، 11 ئۆتۆمبێلی سەربازیی تێکشکێنراوە، هەروەها زیاتر لە 80 چەکداری حوسییەکان کوژراون.
تاوەکو ئێستا حوسییەکان هیچ لێدوانێکیان لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکە نەداوە.
شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ئەیلوولی 2014ەوە دەستیپێکردووە، حوسییەکان کە ئێران پشتگیریان دەکات، کۆنترۆڵی سەنعای پایتەختیان کردووە، لە 2015ـەوە بە سەرکردایەتیی سعودیە هەڵمەتی سەربازی دژی حوسییەکان دەستیپێکرد و لە باشووری یەمەن حکومەتێکی دیکەیان دامەزراند.
بەهۆی ئەو شەڕەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 هەزار کەس کوژراون، کە نزیکەی 13 هەزاریان خەڵکی سڤیلن. ئەمە جگە لە گیانلەدەستدانی نزیکەی 85 هەزار منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان بەهۆی برسێتی و نەخۆشییەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەر لەوەی کۆشکی سپی جێبهێڵێت حوسییەکانی خستە لیستی تیرۆرەوە، کە 80٪ی خاکی یەمەنیان بەدەستەوەیە. بەهۆی ئەم بڕیارەوە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی سنووردارکرا و 29 ملیۆن یەمەنی کەوتوونەتە سەر لێواری وشکبوونەوە لە برسان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ