بەرپرسێکى بەدر لە وەڵامى هۆشدارییەکەى ئیسرائیل: رووبەڕووبوونەوە بە درۆن ترسنۆکانەیە

19-11-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسى یەکێک لەو گرووپانەى عێراق کە ئیسرائیل تۆمەتباری کردوون بە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەى و هۆشدارى داونەتێ، دەڵێت رێکارى خۆپارێزیان گرتووەتەبەر. دەشڵێت، رووبەڕبوونەوە لە رێگەى درۆنەوە "ترسنۆکانەیە". 
 
محەممەد بەیاتى، ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیی رێکخراوى بەدر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند ئەو هۆشدارییەى "رژێمى زایۆنى" لەدژى چەند هێزێکى شیعەى عێراق  بەهۆى "هەڵوێستە ئەرێنییەکانیان"ـەوە بووە لە بارەى دۆسیەى فەلەستین و لوبنان. 
 
شەوى رابردوو 18ى تشرینى دووەمی 2024، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە نامەیەکدا داواى لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کۆتایی بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بهێنێت. 
 
لە نامەکەى وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیلدا ناوى چەند گرووپێکى چەکدارى شیعە هاتووە لەوانە کەتائیبی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلى حەق، سەیدولشوهەدا، ئەنساروڵڵاى ئەوفیا، نوجەبا، رێکخراوى بەدر و تۆمەتباریان دەکات بەوەى هێرشیان کردووە سەر وڵاتەکەى. 
 
محەممەد مەهدى بەیاتى گوتى: "ئەمە جەنگە و بەئامانج دەگیرێیت و ئەو هەڵوێستەى رژێمى زایۆنیزم ئاماژەى بێهێزى و شکستخواردنیەتی". 
 
وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس نووسیویێتى: "ئەم ئێوارەیە نامەیەکم بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییش نارد کە تێیدا داوای هەنگاوی دەستبەجێم لە بەرامبەر جموجوڵی میلشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق کرد. خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت."
 
بەرپرسەکەى رێکخراوى بەدر جەختى لەوە کردەوە کە رێکارى ئامادەکاری و خۆپارێزییان گرتووەتەبەر و هێرشکردنە لە رێگەى درۆنەوە بە هەنگاوێکى "ترسنۆکانە" وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەگەر لە مەیدان رووبەڕوومان ببنەوە دەزانن ئەنجامەکەى چۆن دەبێت".
 
تەلئەڤیڤ ئەو گرووپە شیعەیە تۆمەتبار دەکات بە هێرشکردنە سەریان کە ناوى خۆیان ناوە "موقاوەمەى ئیسلامى" لە عێراق و پێکهێنەرانى ئەو گرووپە چەکدارە شیعانەى عێراقن، کە نزیکن لە کۆمارى ئیسلامى ئێران.
 
وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل هۆشداری دەدات کە وڵاتەکەى بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی هەیە بەرگری لە خۆی بکات و دەشڵێت: "عێراق بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، بەرپرسە لەوەی رێگەنەدات خاکەکەی وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت."
 
رۆژی دووشەممە، 18-11-2024 ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند: "حکومەتی عێراق نابێت رێگە بدات خاکەکەی بۆ هێرشی تیرۆریستی لە دژی هیچ کەسێک بەکاربێت."
 
میڵەر هەروەها گوتی: "ئەمە لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە بۆ ئەوەی بخزێنرێتە نێو تەنگژەیەکی هەرێمی. حکومەتی عێراق پێویستە هەموو هەنگاوێک بنێت بۆ ئەوەی رێگریی لەو رێکخراوە تیرۆریستییانە و هێرشەکانیان بکات."
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە