نەتەنیاهوو: خۆمان ناچەمێنین

22-11-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، ئەو بڕیارەی لە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بۆ دەستگیرکردنی ئەو دەرچووە، ئیسرائیل لە بەرگری لەخۆکردنی ناوەستێنێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 21-11-2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "هیچ بڕیارێکی خراپی دژە ئیسرائیلی ناتوانێت رێگە لە ئێمە بگرێت، ناتوانێت رێگە لە من بگرێت لە بەرگریکردنی وڵاتی خۆمان، بەر هەر رێگەیەک بێت."
 
نەتەنیاهوو هەروەها گوتی: "خۆمان بۆ گوشار ناچەمێنین."
 
رۆژی پێنجشەممە، بە تۆمەتی کردنی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە کەرتی غەززە، دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و یوئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل دەرکرد.
 
دادگەکە دەڵێت، ئەو دوو تۆمەتبارە برسیکردنی خەڵکی غەززەیان وەک چەکێکی جەنگ بەکارهێناوە و لەژێر سەرپەرشتیی ئەواندا، بە مەبەست هێرش کراوەتە سەر خەڵکی سڤیلی غەززە.
 
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەڵێت، بنەمای بڕواپێکراو هەیە کە نەتەنیاهوو و گالانت بە مەبەست خەڵکی غەززەیان لە خۆراک، ئاو، دەرمان، سووتەمەنی و کارەبا بێبەشکردووە.
 
دادگە نێودەوڵەتییەکە بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتیی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد زەیف، سەرۆکی قەسامی باڵی سەربازیی حەماسیش دەرکرد، کە سەرپەرشتیی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە کرد. 
 
ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، محەممەد زەیف لە 13ی تەمووزی 2024 لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراوە، بەڵام حەماس تاوەکو ئێستا هەواڵەکەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
 
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە سەردانێکیدا بۆ عەممانی پایتەختی ئوردن گوتی: "ئەمە بڕیارێکی پابەندکەرە. بڕیاری دادگەییەکی نێودەوڵەتیی دادوەرییە. پێویستە بڕیاری دادگەکە رێزی لێ بگیرێت و جێبەجێ بکرێت."
 
بەپێی بڕیارەکەی ICC، نەتەنیاهوو سەردانی هەر یەک لە 124 وڵاتە ئەندامەکەی دادگەکە بکات، پێویستە دەستگیربکرێت.
 
دوای دەرچوونی فەرمانەکە، وڵاتانی جیهان کاردانەوەی جیاوازیان هەبوو. ئەمریکا، نزیکترین هاوبەش و هاوڕێی ئیسرائیل قبووڵی نەکرد. 
 
گوتەبێژێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک بڕیارەکە رەتدەکاتەوە. ئێمە زۆر نیگەرانین لە پەلەکردنی دادوەرەکە لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و لەو هەڵەیانەی لە پڕۆسەکەدا کران و بوونە هۆی ئەم بڕیارە. ئەمریکا پێشتر بە روونی رایگەیاندووە کە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەسەڵاتی بەسەر ئەم بابەتەدا نییە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە