ئیسرائیل بۆ رێککەوتن لەگەڵ لوبنان مەرجی هەیە

20-11-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، ئەگەر هەر رێککەوتنێک لەگەڵ لوبنان بکەین، دەبێت دڵنیایی ئەوەی تێدابێت "ئیسرائیل بە ئازادی لەدژی حیزبوڵڵا بجووڵێتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە (20-11-2024) گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی "هەر رێککەوتنێک [لەگەڵ لوبنان] بکەین، پێویستە لەوە دڵنیابینەوە، ئەگەر تووندوتیژی هەبوو، ئیسرائیل بە ئازادی [لە دژی حیزبوڵڵا] هەنگاو بنێت."
 
سار ئەو قسانەی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتەکەی کرد و گوتیشی "بەداخەوە، لوبنان وڵاتێکی شکستخواردووە، بەڵام ناکرێت ئیسرائیل بە ئاسایشی سەر دانیشتووانەکەی، باجی ئەو شکستە بدات. ئێمە ناتوانین بە ئاسایشی خۆمان باجی شکستی سەرەوەریی ئەوان بدەین."
 
رۆژی چوارشەممە، ئامۆس هۆکشتاین، نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان "بەرەوپێشچوونی باش" هەبووە.
 
رۆژی 15-11-2024 نەبیهـ بری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان رایگەیاند، لوبنان پێشنیازێکی ئاگربەستی لەلایەن ئەمریکاوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی دوو مانگ جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بووەستێنرێت، لەو ماوەیەشدا سوپای لوبنان بەدرێژایی سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل جێگیر بکرێت. بری، لە حیزبوڵڵا نزیکە و بە نوێنەرایەتیی بزووتنەوەکە بەشداری لە هەوڵەکانی ئاگربەست دەکات.
 
لە 23ـی ئەیلوول، ئیسرائیل بۆردوومانکردنی باشووری لوبنانی چڕکردەوە، دواتر دەستی بە هێرشی زەوینی کرد. تاوەکو ئێستاش هەوڵەکانی ئەمریکا و فەرەنسا بۆ وەستاندنی جەنگەکە شکستیان هێناوە.
 
ماوەیەکی زۆرە ئەمریکا هەوڵی رازیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات، پڕۆژەبڕیاری ژمارە 1701 جێبەجێبکەن. بەگوێرەی پڕۆژەبڕیارەکە، پێویستە تەنیا سوپای لوبنان و هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری لوبنان بن. 
 
ئیسرائیل دەڵێت، زیاتر لە 60 هەزار کەس لە باکووری ئیسرائیل، کە هاوسنووری باشووری لوبنانە، بەهۆی جەنگی دژی حیزبوڵڵا، ماڵەکانی خۆیان چۆڵکردووە و ئاوارە بوون. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە