هێرشەکانی سەر حووسییەکان نرخی نەوتی بەرزکردەوە

12-01-2024
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن حووسییەکانی یەمەن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی هێرشەکانی بەیانیی ئەمڕۆی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن، نرخی نەوت بەرزبووەوە. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ سەرووی 80 دۆلار بەرز بووەوە. شارەزایەکی وزەش دەڵێت، "بەرزبوونەوەی بەهای نەوت کاتییە و ئێران دەیەوێت بەهای نەوت بەرزببێتەوە."
 
بەهۆی گورزەکانی رۆژی هەینی، 12-1-2024ـی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن، نرخی جیهانیی نەوت بەرزبووەوە و بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بەراورد بە دوێنی زیاتر لە سێ دۆلار بەرزبووەوە و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە 80 دۆلار و 59 سەنت.
 
بەهجەت ئەحمەد، شارەزای ئابووری، لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت بەهۆی هێرشەکانی سەر یەمەن، رۆژی هەینی، 12-1-2024، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێران دەیەوێت بەهای نەوت بەرزبکاتەوە، لەڕێگەی ئۆپێک پڵەس و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە ئەو کارە نەکرا و بەهای نەوت جێگیربوو تاڕادەیەک، بەڵام ئێستا دەیەوێت لەرێگەی گرژییەکانەوە بەهای نەوت بەرزبکاتەوە، ئەم کارانەی حووسییەکانیش لە یەمەن دژی کەشتییەکانی نەوت و کەشتییەکانی دەریای سوور دەیکەن، دەبێتە هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، چونکە نزیکەی 9٪ـی نەوتی جیهان بە گەرووی بابولمەندەبەوە تێدەپەڕێت."
 
ئەو شارەزای ئابوورییە پێیوایە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاتییە و گوتی، "چاوەڕوان ناکرێت بەهای نەوت زۆر بەرزببێتەوە، بۆیە ئەگەری هەیە لە بەردەوامی هێرشەکان و کاردانەوەکانی، یەک بۆ دوو دۆلارێکی دیکە بەهای نەوت بەرزببێتەوە، بەڵام زەحمەتە زیاتر ببێت."
 
رۆژی هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەلێکس گرنگویچ، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بە فەرمانی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە ئاسمانییەکان، هێرشکرایە سەر زیاتر 60 ئامانج لە 16 ناوچەی حووسییەکانی نزیک لە ئێران، لەوانە بنکەی کۆنتڕۆڵ و چاودێریکردن، کۆگەی تەقەمەنی، سیستمی ئاراستەکردنی مووشەک، کارگەی بەرهەمهێنانی چەک و سیستمی راداری ئاسمانی."
 
هەر ئەمڕۆ هەینی، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان، لەبارەی ئەو هێرشانەوە رایگەیاند، "ئەمریکا و بەریتانیا 73 جار هێرشیان کردە سەر یەمەن و تێیدا سەنعای پایتەخت و پارێزگاکانی حودەیدە، تەعز حوجە و سەعدە کراونەتە ئامانج و بەهۆی ئەو هێرشانەوە پێنج کەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە