ئەمریکا هاوکارییە داراییەکانی بۆ هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی رادەگرێت

19-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیدارەی ترەمپ، هاوکارییە داراییەکان و بەرنامەی مەشق و راهێنانەکانی بە هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی راگرت، ئەمەش لەچوارچێوەی رێکارەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکایە بۆ راگرتنی هاوکارییە داراییەکان بۆ وڵاتانی جیهان. 
 
رۆژی چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هاوکارییە داراییەکانی بۆ هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی لە کەناری رۆژئاوا راگرتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو هێزانە، بە یەکێک لەو هێزانە دادەنرێن رەنگە لەقۆناخی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە رۆڵی چاودێریکردنی دۆخی ئەمنیی کەرتەکەیان پێبسپێردرێت. 
 
ژەنەڕال ئەنوەر رەجەب، گوتەبێژی هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی لە کەناری رۆژئاوا بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە، واشنتن پاڵپشتیکاری سەرەکیی هێزەکانیانە لەڕووی دابینکردنی هاوکاری دارایی و مەشقپێکردنیان. 
 
بەرپرسانی فەلەستینیش ئاماژەیان بەوە داوە بەهۆی راگرتنی هاوکارییەکان، هەندێک لە بەرنامەکانی مەشق و راهێنانیان راگرتووە و کۆبوونەوەش لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی لەبارەی پلانی داهاتوویان بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. 
 
بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکانەوە، حکومەتەکەی مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی، لە مانگی تشرینی دووەمی 2021ـوە نەیتوانیووە بەتەواوەتی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی حکومەتەکەی بدات. 
 
کەناری رۆژئاوا بەتەواوەتی پشتی بە ئیسرائیل بەستووە بۆ هاوردەکردنی سەرجەم کاڵا و پێداوستییەکانی و سەرجەمیان بەنێو خاڵە سنوورییەکانی سوپای ئیسرائیلدا تێدەپەڕن. 
 
لەگەڵ ئەوەش لەدوای جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023ـوە، ئیسرائیل سەرجەم داهاتی گومرگەکانی فەلەستینی راگرتووە کە بەناوی دەسەڵاتی فەلەستینییەوە وەریدەگرتن و دواتر مانگانە دەیدایە فەلەستینییەکان. 
 
لەدوای ئاگربەستی جەنگی 15 مانگەی غەززەش، لە 19ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، سوپای ئیسرائیل رۆژانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەکەناری رۆژئاوا و بەتایبەتی لەشاری جنین دەکات.  وڵاتەکە دەڵێت، شانە نوستووەکانی حەماس لە کەمپی ئاوارەکانی جنینن. 
 
هێرشەکانی ئیسرائیل  تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی 55 کەس و ئاوارەبوونی بە هەزارانی فەلەستینی دیکە. 
 
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەش، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی دەسەڵاتی فەلەستینی، بەهۆی شەڕوپێکدادان و ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی کەناری رۆژئاوا، 917 فەلەستینی کوژراون و زیاتر لە 7 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە. وێنە: REUTERS/Louiza Vradi

محەممەد بن سەلمان: ئاواتەخوازی پەیوەندییەکی باشین لەگەڵ ئێران

شازادەی جێنشینی سعودیە رایگەیاند کێشەی ئەوان لەگەڵ ئێران، لەسەر "کردەوە نەرێنییەکانی تارانە"، لەوانەش بەرنامە ئەتۆمییەکەی و "پشتیوانی لە میلیشیا یاخیبووەکان".