بارمتەیەکی ئازادکراوی ئیسرائیل: حەماس هێشتا توونێل لێدەدات

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە بارمتە ئازادکراوەکانی ئیسرائیل دەڵێ لەکاتی بارمتەییدا لەلایەن حەماس، رووبەڕووی نەخۆشی و بەدەخۆراکی بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی رۆژانە تەنیا 300 کالۆری خۆراکیان پێدەدا. 
 
رۆژی شەممە (15ـی ئاداری 2025) تال شۆهام، کە یەکێکە لە بارمتە ئازادکراوەکانی ئیسرائیل، لە یەکەم هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئیسرائیلی باسی ژیانی خۆی لە نێو کەرتی غەززە کرد و، رایگەیاند "سەرەڕای هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بەڵام چەکدارانی حەماس بەردەوام بوون لە دروستکردن و لێدانی توونێلی نوێ."
 
شۆهام لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە لە باشووری ئیسرائیل لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەیان رفێندران، بەبێ ئەوەی ئەو ئاگاداری رفاندنی هاوژین و منداڵەکانی بێت. 
 
لە یەکەم ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە تشرینی دووەمی 2023، هاوژین و منداڵەکانی ئازاد کران. بەڵام ئەو لە 22ـی شوباتی ئەم ساڵ ئازاد کرا.  
 
تال شۆهام دەڵێت سەرەتا نەیدەزانی هاوژینەکەی و منداڵەکانی چییان بەسەرهاتووە، دواتر بۆی دەرکەوتووە خێزانەکەشی رفێندراوە.
 
لەدوای بەبارمتەگرتنی، وەک باسی دەکات بە پشتی پیکئاپ دەیگوازنەوە غەززە و بەنێو خۆشی و چەپڵەڕێزانی غەززەییەکاندا بردوویانەتە نێو یەکێک لە توونێلەکانی کەرتەکەوە.
 
ئەو، کە 505 رۆژ لە کەرتی غەززە دەستبەسەر بوو، دەڵێت لە 50 رۆژی یەکەمی بارمتەییدا، هیچ زانیارییەکی لەسەر خێزانەکەی نەبوو، بەڵام دواتر نامەیەکی لەلایەن هاوژینەکەیەوە پێدەگات و، ئاگاداری دەکاتەوە لەوەی ئەو و دوو منداڵەکەی ئازاد دەکرێن. 
 
شۆهام رایدەگەیەنێت "یەکەمجار بۆ 34 رۆژی یەکەم بە تەنیا بووم، دواتر دوو بارمتەی دیکەیان هێنا." ئەو سێ بارمتەیە تاوەکو حوزەیرانی 2024 لەو توونێلەدا مانەوە کە تێیدا حەشاردرابوون، دواتر گوێزراونەتەوە بۆ توونێلێکی دیکە شۆهام لەوێ ماوەتەوە تاوەکو رۆژی ئازادکردنی. 
 
لەدرێژەی قسەکانیدا، ئەو بارمتەیە، باسی ئەوە دەکات؛ رۆژانە نزیکەی 300 کالۆری خواردنی پێدەدرا، ئەمە لەکاتێکدایە کەسێکی تەمەن 40 هاوشێوەی ئەو، پێویستە رۆژانە دوو هەزار و 400 کالۆری وەرگرێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە