رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی و مووشەکی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن کرد و، تاوەکو ئێستا کوژرانی 31 کەس و برینداربوونی 100 کەسی دیکە پشتڕاستکراوەتەوە.
رۆژی شەممە، 15ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر حووسییەکان کرد. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، پێگەکانی حووسییەکان لە 6 پارێزگای یەمەن کراونەتە ئامانج.
دوای هێرشەکە، ترەمپ لە پەیامێکدا هۆشداری دایە ئێران و داوای کرد، هێرشەکانی حووسییەکان بە زووترین کات رابگرێت و گوتی، ئەگەر ئێران هەڕەشە بۆ ئەمریکا دروست بکات، "ئەوا ئەمریکا بە بەرپرسیارتان دەزانێت و نەرم و نیانیش نابێت."
ئەو هێرشانە لەکاتێکدان، ترەمپ دەستی بە زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ئێران کردووە، لە کاتێکدا داوای دانوستاندنیش لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە دەکات.
لە پەیامەکەی ترەمپدا هاتووە "بۆ حووسییە تیرۆریستەکان: کاتتان بەسەرچووە و دەبێت هێرشەکانیشتان بووەستن. لە ئەمڕۆوە ئەگەر هێرشەکان کۆتاییان پێنەیەت، دۆزەخێک بەسەرتاندا دەبارێت کە پێشتر نەتانبینیوە!"
بەگوێرەی حووسییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکادا لانیکەم 31 کەس کوژراون و 101 کەسی دیکەش بریندار بوون.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەو هێرشانە بەشێک دەبن لە هێرشی بەرفراوانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکان.
لە لایەن خۆیانەوە حووسییەکان هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئەمریکایان کرد و رایگەیاند، ئەو هێرشانە "تاوانی جەنگن و هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە تەواوی ئامادەن بە هێرشکردن وەڵام بدەنەوە."
حووسییەکان لە تشرینی دووەمی 2023ـوە، واتە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، زیاتر لە 300 جار کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکانییان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج.
هەر لەبارەی هێرشەکانەوە، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی "حووسییەکانم کەشتی، فڕۆکە و سەربازانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج، ئەوانە چاوپۆشیان لێناکرێت. ئێرانیش کە پاڵپشتیکارەکەیانە، ئاگادارکراوەتەوە! ئازادیی هاتووچۆکردنی نێو دەریا دەستپێدەکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ