حیزبوڵڵا ئاگربەست بە 'تاکە چارەسەر' لەگەڵ ئیسرائیل دەزانێت

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبەر حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی دەڵێت، تاکە چارەسەر بۆ جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا راگەیاندنی ئاگربەستە. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر ئیسرائیل ئاگربەستی نەوێت، ئێمەش بەردەوام دەبین لە جەنگ."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2024 نەعیم قاسم، جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "بە بەرەی نێوخۆی ئیسرائیل دەڵێم، تاکە چارەسەر ئاگربەستە." گوتیشی، "ئەم قسانەم لە لاوازیمانەوە نییە، چونکە ئەگەر ئیسرائیل ئاگربەستی نەوێت، ئێمەش لە جەنگ بەردەوام دەبین."
 
نەعیم قاسم باسی لە مەرج و شێوازی ئاگربەستەکە نەکرد، بەڵام گوتی، گفتوگۆکان لەبارەی ئاگربەستەکە بە شێوەیەکی "ناڕاستەوخۆ" ئەنجام دەدرێن.
 
جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، دوای راگەیاندنی ئاگربەست، یەکەم هەنگاو گەڕانەوەی ئاوارەکانی باکووری ئیسرائیل دەبێت بۆ شوینەکانیان، دوای ئەوەش هەنگاوەکانی دیکە دەگیرێنەبەر.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نەعیم قاسم ئەوەی خستەڕوو، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر هیچ شوێنێکی لوبنان دەستی نەپاراست، مافی بزووتنەوەکەیە هێرش بکاتە سەر هەر شوێنێکی ئیسرائیل کە بیەوێت.
 
بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی نەعیم قاسم دوای ئەوە هات کە حیزبوڵڵا رۆژی یەکشەممە هێرشیکی درۆنیی کردە سەر یەکەیەکی مەشقی سوپای ئیسرائیل و چوار سەربازی کوشت و 60ی دیکەشی بریندار کرد.
 
دوای هێرشەکە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وەڵامیان دەبێت و لەنێو بەیرووتیش لە بزووتنەوەکە دەدەن.
 
جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 8ی تشرینی یەکەمی 2023، رۆژێک دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد.
 
هێرشەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 23ی ئەیلوولەوە بۆ سەر یەکدی چڕبوونەتەوە و رۆژی 27ی ئەیلوول ئیسرائیل ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای کوشت.
 
هەرچەند حیزبوڵڵا هێرشێکی زۆری کردووەتە سەر ئیسرائیل، بەڵام بەهۆی بەهێزیی سیستمی بەرگریی ئیسرائیلەوە زیانەکانی وڵاتەکە سنووردار بوون.
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 2200 کەس کوژراون و 10 هەزاری دیکەش بریندار بوون؛ ئەوەش جگە لە ئاوارەبوونی 1.2 ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: AFP

نەتەنیاهوو: حیزبوڵڵا 10 هەزار مووشەکی تێگرتووین

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی نوێدا دەڵێت، لە ساڵی پارەوە حیزبوڵڵا زیاتر لە 10 هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. ئەو هەروەها ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە کە گوایە سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست هێرشی کردبێتە سەر هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ داوایان لێدەکات بۆ ماوەیەکی کاتی لە ناوچەی شەڕ دووربکەونەوە.