زاخارۆڤا لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی تورکیا و پەیوەندیی هەسەدە و حکومەتی سووریا بۆ رووداو دەدوێت

09-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
  
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رووداوی راگەیاند، پێشوازی لە نزیکبوونەوەی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتی دیمەشق دەکەن. سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەریش دەڵێ "هیوادارین بەرپرسانی تورکیا هەنگاوێک بنێن کە ئەنجامەکەی بابەتی گرووپە ئیتنییەکان بێت و بتوانێت سەقامگیری ئەمنی لە نێوخۆ و دەرەوەی تورکیا بەدەستبهێنێت." 
 
رۆژی 9ـی نیسانی 2025، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەبارەت بە رێککەوتنەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە رووداوی راگەیاند، "پێشوازی لە رێکارەکان بۆ گەڕانەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ نێو دەوڵەتی سووریا دەکەین، بە رەچاوکردنی ماف و بەرژەوەندیی رەوای هەموو ئەو کەمینە ئایینی و ئیتنییانەی لەو ناوچەیەدا دەژین"؛  دەشڵێت "پێمان وایە دەبێت چارەنووسی وڵاتەکە لەلایەن سوورییەکانەوە لە چوارچێوەی دیالۆگێکی نیشتمانیی فراوان و دوور لە دەستوەردانی دەرەکی، دیاری بکرێت."
 
 
رۆژی 10ـی ئاداری 2025 لە دیمەشقی پایتەختی سووریا رێککەوتنێک لەنێوان جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی سووریا کرا. ئەو رێککەوتنە هەشت خاڵ لەخۆدەگرێت و گرنگترین بڕگەکانى گەرەنتیکردنی مافی هەموو سووریاییەکانە لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و، ئاماژەکردن بە کۆمەڵگەی کوردی وەکو کۆمەڵگەیەکی رەسەن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتیشی، "پێمان وایە؛ ئەنجامی ئەو رێککەوتنەی نێوان بەرپرسانی سووریا و سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی بنیاتنانەوەی یەکگرتوویی سووریا و بەهێزکردنی ئاسایشی و سەقامگیرییەکەی"؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "تێدەگەین کە جێبەجێکردنی ئەو رێکارانە پەیوەندییان بە ژمارەیەک کێشە و سرووشتییانەوە هەیە. جێبەجێکردنیان قورس دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتەکان. پێویستە لایەنەکان هاوکاربن و ئامادەبن بۆ هەندێک سازشکردن و هیوادارین ئەوەش رووبدات". 
 
پرسی کورد لە تورکیا
 
زاخارۆڤا سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا و داواکەی عەبدوڵـڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" گوتی، هەڵوێستی رووسیا نەگۆڕە، "ئەوەش رەنگدانەوەی بنەماکانمانە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی دوولایەنەی دڵسۆزانە. هیوادارین بەرپرسانی تورکیا هەنگاوبنێن کە ئەنجامەکەی بابەتی گرووپە ئیتنییەکان بێت و بتوانێت سەقامگیریی ئەمنی لە نێوخۆ و دەرەوەی تورکیا، بەدەستبێنێت."  
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ـی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ـی شوبات بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتیشی، "کۆماری تورکیا، دراوسێ و هاوبەشێکی گرنگمانە، بۆیە ئەوەی لەوێ روودەدات جێگەی بایەخمانە. پێمان وایە ئەوە (پرسی چارەسەری) پرسێکی سەروەریی وڵاتەکەیە و رێز لەوە دەگرین کە ئەنقەرە سەربەخۆیانە بڕیار بدات سەبارەت بەو رێگەیەی دەیەوێت پرسە نێوخۆییەکانی پێ چارەسەر بکات." 

 

 
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 9-4-2025) لە گوتەیەکدا رایگەیاند، هاوپەیمانیی جمهوور پێداگرە لەسەر گەیشتن بەو ئامانجەی کە ئەوان بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبەن؛ گوتیشی، هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێکیدەهێنن، بە وردی و ئارامییەوە پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن و هیواشی خواست پرۆسەکە بە جۆرێک بە ئەنجام بگەیێنن کە ببێتە خێر بۆ تورکیا.
 
لەکاتێکدا چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ئەردۆغان و شاندی دەم پارتین، ئەردۆغان گوتی "سبەی، پێشوازی لە شاندی دەم دەکەم؛ دیداریان لەگەڵ دەکەم و پشتڕاستی ویستمان بۆ گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر دەکەینەوە".
 
گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی دژی ئێران لە ئەگەری رازینەبوونی بە رێککەوتن سەبارەت بە پرسە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە کردووە. بەرپرسانی تارانیش دەڵێن، لەژێر هەڕەشەدا رێکناکەون. 
 
لەو بارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی، "پێش هەموو شتێک، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، تیشکی بخەینەسەر و دووبارەی بکەینەوە کە قبووڵنەکراو و ناڕەوایە بۆ دووژمنانی ئێران رێکاری سەربازی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان بگرنەبەر". 
 
 
زاخارۆڤا گوتی، "بەم دواییانە پەیام و ئاماژەمان بۆ ئەگەری رێککەوتنی دیپلۆماسی بینیوە و پێموایە دەبێت ئەوانە لەبەرچاو بگیرێن. تێبینی ئەوە دەکەین کە هەر 
دۆخێک ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکانی پەیوەندیدار بە ئێران، دەبێت پێشوازی لێ بکرێت".
 
دوێنێ کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەیان لەگەڵ ئێران رایگەیاند: "سەرۆک بە روونی رایگەیاندووە کە رۆژی شەممە کۆبوونەوەیە و هیچ دانوستاندنێک نییە."
 
کارۆلین لیڤێت گوتیشی، سەرنجەکە لەسەر ئەوەیە؛ ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ ئاماژەی بەوەشکرد "قسەکانی دوێنێی سەرۆک بۆ ئەوان ئەوە بوو، کە ئەو پابەندە بە دیپلۆماسی، ئەو گوتی دەیەوێت رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکات، ئێستا ئەمە کەوتووەتە سەر ئەوان [ئێران]، ئەگەر نەیانەوێت، بۆ ئەوان زۆر خراپ دەبێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە