وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە دەرفەتێکی ستراتیژییە بۆ وڵاتەکەمان

10-09-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پشتگیریی خۆی بۆ رێککەوتنی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە راگەیاند. بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن. راشیگەیاند، ئەو رێککەوتنە دەرفەقێکی ستراتیژی دەبێت بۆ ئیسرائیل بۆ هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی "ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی رووبەڕووی بوونەتەوە."
 
رۆژی سێشەممە 10ی ئەیلوولی 2024 یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئامانجی هەمووان ئازادکردنی بارمتەکانە، "گەڕاندنەوەی بارمتەکان، دروستترین کارە. بۆ ئەو مەبەستەش رێککەوتن دەرفەتێکی ستراتیژی دەبێت بۆمان و هەلێکیشمان پێدەدات، تاوەکو لە سەرجەم بەرەکان دۆخەکە بگۆڕین."
 
زیاتر لە 11 مانگە، ئیسرائیل و حەماس لەنێو کەرتی غەززە لە جەنگدان، لە هەمان کاتیشدا رۆژانە لەگەڵ حیزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان مووشەک ئاراستەی یەکدی دەکەن.
 
هەروەها وەزیری بەرگریی ئیسرائیل داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گوشارەکانیان بۆ سەر بزووتنەوەی حەماس چڕتر بکەنەوە، بۆئەوەی بە رێککەوتنی ئاگربەستەکە رازی بێت، کە بریتییە لە سێ قۆناخ و لە 31ی ئایاری رابردووەوە لەلایەن جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکاوە پێشکێش کرا و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا.
 
گالانت دەڵێت، "دەبێت ئیسرائیل بەو رێککەوتنە رازی بێت کە لە قۆناخی یەکەمدا، ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی رادەگەیێندرێت و بارمتەکانیش ئازاد دەکرێن."
 
لەبارەی دۆخی جەنگە 11 مانگییەکە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوان توانیویانە لەو ماوەیەدا زیانێکی گەورە بە توانا سەربازییەکانی حەماس بگەیێنن و ئێستاش لەنێو غەززە، توانایەکی ئەوتۆی سەربازیی نەماوە.
 
ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە گوتیشی، "حەماس وەکو پێکهاتەیەکی سەربازی نەماوە و ئێستا خەریکی شەڕی گەریلاییە، ئێمەش رووبەڕوویان بووینەتەوە و بەدوای سەرکردەکانیانەوەین."
 
گالانت یەکێکە لەو بەرپرسانەی ئیسرائیل کە بەردەوام بۆچوونی جیاوازی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیران هەبووە و مانگی رابردوو، نووسینگەی سەرۆکوەزیران بەیاننامەیەکی لەبارەی گالانت بڵاوکردەوە و تۆمەتباریان کرد بەوەی لێدوانی دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەدات.
 
ئەو لێدوانە نوێیانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، لایەنەکانی دانوستاندنکار تایبەت بە ئاگربەستی غەززە کە پێکهاتوون لە ئەمریکا، قەتەر و میسر، لە هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان و گەیشتن بە رێککەوتن، تاوەکو کۆتایی بەو جەنگە بێت کە بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 41 هەزار فەلەستینی کوژراون کە 70%ی ئافرەت و منداڵن.
 
یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم رێککەوتنی لایەنەکان بۆ ئاگربەست لە غەززە، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لە دەروازەی رەفەح لەسەر سنووری غەززە - میسر. نەتەنیاهوو رازی نییە هێزەکانیان لەو دەروازە ستراتیژییە بکشێتەوە و پلانەکەی بایدنیش داوای کشانەوەی دەکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی تەقینەوەی بەشێک لە ئامێرەکان

بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەکانی ئاگادارکردنەوە دەیان ئەندامی حیزبوڵڵا بریندار دەبن

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، حیزبوڵڵا هۆشداری بە ئەندامانی دابوو کە جگە لەو سیستەمی پەیوەندییەی کە خۆی دیاریکردووە، نابێت ئامێرەکانی دیکەی پەیوەندیکردن بەکاربهێنن و هۆشداری دابوو لەوەی ئیسرائیل لەوێوە هێرشیان دەکاتە سەر.