حیزبوڵڵا بە بڕی 77 ملیۆن دۆلار قەرەبووی زیانلێکەوتووانی جەنگ دەکاتەوە

06-12-2024
رێبەر حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، بزوتنەوەکە 50 ملیۆن دۆلاری داوەتە زیانلێکەوتووانی شەڕی لوبنان و ئیسرائیل. دەشڵێت، قەرەبووەکە بۆ 77 ملیۆن دۆلار زیاد دەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 5-12-2024، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، هەر کەسێک، سێ تاوەکو چوار هەزار دۆلاری پێدەدرێت، 233 هەزار و 500 خێزان خۆیان تۆمار کردووە.
 
حیزبوڵڵا هەروەها هەشت هەزار دۆلار دەداتە ئەو خێزانانەی ماڵەکانیان لەنێوچوون، شەش هەزار دۆلار دەداتە ئەو خێزانانەی لەنێو بەیرووت لە خانووی کرێدا دەژین و چوار هەزار دۆلاریش دەداتە ئەوانەی لە دەرەوەی بەیرووت لە خانووی کرێدا دەژین. بەم شێوەیە کۆی گشتیی قەرەبووەکە دەگاتە 77 ملیۆن دۆلار. 
 
نەعیم قاسم دەڵێت، پارەدارکردنی ئەو پڕۆژەیە زۆربەی لە لایەن ئێرانەوە دەدرێت. هەروەها سوپاسی ئێرانی کرد. لە بەرامبەر هاوکاریکردنیان لە قەرەبووکردنەوەکە.
 
جەنگی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە 8ی تشرینی یەکەمی 2023 بە هێرشێکی حیزبووڵا بۆ سەر سنووری باکووری ئیسرائیل دەستیپێکرد. 
 
دوای زیاتر لە 13 مانگ، رۆژی 26ـی تشرینی دووەمی 2024 ئاگربەستێکی 60 رۆژەیان راگەیاند.
 
جەنگەکە جگە لە زیانی گیانی، زیانی ئابووری زۆری بە لوبنان گەیاند. بەجۆرێک زۆربەی خانووی ناوچە شیعەنشینەکان تەختی زەوی بوون.
 
بانکی جیهانی دەڵێت، نزیکەی 100 هەزار خانوو لە لوبنان وێران بوون یان دووچاری زیان بوونەتەوە. هەروەها جەنگەکە زیانی هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بە لوبنان گەیاندووە.
 
بەگوێرەی بانکی جیهانی جەنگەکە تەنیا لە کەرتی خانووبەرە زیانی سێ ملیار و 400 ملیۆن  بۆ لوبنان هەبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە