ئیسرائیل داوای کەمکردنەوەی پێناسی گومرگی لە ئەمریکا دەکات

04-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی ئیسرائیل دەڵێت، لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەو پێناسە گومرگییەی بەسەریاندا سەپێنراوە، کەمبکرێتەوە.
 
رۆژی هەینی 04-04-2025 بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "وەزارەتی دارایی ئیسرائیل خەریکی گفتوگۆیەکی بەردەوامە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا، بەو ئامانجەی ئەو پێناسە گومرگییانەی سەپێندراون، لەسەر پیشەسازیی ئیسرائیل کەمبکرێنەوە."
 
رۆژی 2ـی نیسان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژی "رزگاری"ـی ئەمریکا ناویبرد و پێناسی گومرگیی جیاجیای بەسەر وڵاتانی جیهاندا سەپاند. پێناسە گومرگییەکان یار و نەیاری ئەمریکای گرتەوە و ئیسرائیلیش، کە هاوپەیمانێکی نزیکیەتی، لێی پارێزراو نەبوو.
 
ئەمریکا پێناسی گومرگیی 17%ـی بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند، هەر کاڵایەک لە ئیسرائیلەوە هەناردەی ئەمریکا بکرێت، ئەو بڕە باجەی لەسەر دەبێت.
 
ئیسرائیل ئەڵماس، ئامێری گەورە، داوودەرمان، پێداویستیی پزیشکی و بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی ئەمریکا دەکات. ساڵی 2024 ئیسرائیل بایی 22.2 ملیار دۆلار هەناردەی بۆ ئەمریکا هەبوو.
 
سمۆتریچ مانگی پێشوو لە واشنتن چاوی بە سکۆت بێسێنت، هاوتا ئەمریکییەکەی کەوت.
 
رۆژی 01-04-2025 سمۆتریچ رایگەیاند، ئیسرائیل هەموو پێناسێکی گومرگی لەسەر ئەمریکا هەڵدەگرێت؛ پێشتر ئیسرائیل پێناسی 1٪ لەسەر کاڵا ئەمریکییەکان دانابوو.
 
ئەو بڕیارەی سمۆتریچ رووبەڕووی رەخنە بوویەوە. ڤلادیمیر بێلیاک، ئەندام پەرلەمانی ئیسرائیل گوتی: "سمۆتریچ لە هەڵگرتنی پێناسی گومرگیی کاڵاکانی ئەمریکا پەلەی کرد؛ لە وەڵامدا پێناسێکی گومرگیی 17٪ـی وەرگرت."
 
کۆمەڵەی کارگەکانی ئیسرائیل (MAI) رایگەیاند، پێناسە گومرگییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئیسرائیل شۆکی کردوون و پێیان وایە، ئەو 17٪ـیە پەیوەندی بەو کورتهێنانە بازرگانییە هەیە کە لەگەڵ ئەمریکا لە 2024 هەیانبووە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، لە ساڵی 2024ـدا ئەمریکا کورتهێنانی 7 ملیار دۆلار بازرگانیی لەگەڵ ئیسرائیل هەبوو، واتە ئەمریکا بایی 7 ملیار دۆلار کەمتر لە ئیسرائیل کاڵای بۆ تەلئەڤیڤ رەوانکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە