لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەکی غەززە 25 کەس کوژران

03-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، لە بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەک کە کرابووە پەناگەی ئاوارەکان، 25 کەس کوژران. لە گەڕەکێکی دیکەش 15 کەس کوژراون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 03-04-2025، مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ئەو هێرشە سەرەتا 19 بوو بۆ 25 کەس بەرزبووەتەوە، "هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 100 كه‌سی دیكه‌ش له‌ بۆردوومانكردنی قوتابخانه‌ی دارلئه‌رقه‌م له‌ گه‌ڕه‌كی توففاح لە باكوری رۆژهه‌ڵاتی شاری غه‌ززه‌ برینداربوون."
 
سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند: "ناوه‌ندێكی فه‌رمانده‌یی و كۆنتڕۆڵی حه‌ماسمان له‌ شاری غه‌ززه‌ كردووه‌ته‌ ئامانج." ئیسرائیل راشیگەیاند: "تیرۆریستان ئه‌و شوێنەیان بۆ پلاندانان و جێبه‌جێكردنی هێرش لە دژی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی و سه‌ربازانی سوپای ئیسرائیل بەکارهێناوە."
 
لە راگەیێنراوێکی دیکەدا، بەسەڵ گوتی، ئیسرائیل چەند ماڵێکی لە گەڕەکی شوجاعییە لە شاری غەززە بۆردوومان کردووە، "هێشتا چەندین کەس لەژێر داروپەردوودا ماون."
 
بەگوتەی مەحموود بەسەڵ، لەو هێرشەدا 15 کەس کوژراون.
 
ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە ئێکس رایگەیاند: "سوپای ئیسرائیل بە هێزێکی زۆرەوە ئۆپەراسیۆن لە ناوچەکەتان [شوجاعییە] بۆ لەنێوبردنی ژێرخانی تیرۆریستی دەکەن. مەرجە دەستبەجێ ئەو ناوچانە چۆڵبکەن و روو لە رۆژئاوای شارەکە بکەن."
 
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە 19-01-2025 دەستیپێکرد و لە سەرەتای مانگی ئادار کۆتایی هات. ئیسرائیل داوایکرد قۆناخی یەکەم درێژبکرێتەوە و حەماس داوایکرد بچنە قۆناخی دووەم، بەڵام رێکنەکەوتن. رۆژی 18-03-2025 ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان کردەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە 18ـی مانگی رابردووەوە، 600 "ئامانجی تیرۆریستی"ـیان پێکاوە.
 
ژمارەی تەواوی کوژراوانی غەززە نزیکەی 50 هەزار و 550 کەسە و لە ئیسرائیلیش لە یەکەم رۆژی جەنگەکە لە 07-10-2023 هەزار و 218 کەس کوژران. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە